سوپای پاسداران: چوارەمین کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز تەقییەوە
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارەمین سوپەرنەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز دوای ئەوەی هۆشدارییەکانی پشتگوێ خست، بەر مین کەوت و تەقییەوە؛ هاوکات ئاشکرای کرد کە کەشتییەکە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی بارکردبوو
پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، کەشتییەکی گەورەی نەوتهەڵگر کە هەوڵی دابوو بەبێ گوێدانە هۆشدارییەکان لە رێڕەوی نایاسایی باشووری گەرووی هورمز تێپەڕێت بەر مین کەوتووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە ئەم نەوتهەڵگرە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو، و سەرەڕای هۆشدارییە بێتەلییەکانی هێزی دەریایی لەسەر قەدەخەبوونی هاتووچۆ لە رێڕەوی باشووری گەرووی هورمز، هەوڵی دا دەرباز بێت؛ بەڵام دوای بەریەککەوتنی لەگەڵ مین، تەقینەوەیەکی بەهێز روویدا و ئێستا لە ناو ئاودا دەسوتێت."
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمە چوارەمین کەشتیی نەوتهەڵگرە کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لە گەرووی هورمزدا بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە گڕی گرتووە و زیانی گەورەی بەرکەوتووە.
ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە لە کاتێکدایە کە دۆخی گەرووی هورمز بەهۆی ململانێ سەربازییەکان هەشت مانگی رابردوو و ڕێکارە نوێیەکانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆی کەشتیوانی گەیشتووەتە لووتکەی ئاڵۆزی، و بازاڕەکانی نەوت و وزەی جیهانیش بە دەست پەککەوتنی گواستنەوە لەم گەرووە ستراتیژییە دەناڵێنن.