شاندی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان گەیشتنە بەغدا

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ

ڕۆژی شەممە 8ـی حوزەیرانی 2024، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە بەغدا.

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئامانج لە سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەغدا بەیەکەوە و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق،  بۆ زیاتر درێژەدانە بە گفتۆگۆکان لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و دانانی میکانیزمی چارەسەر بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.

ڕۆژی چوارشەممە (5ـی حوزەیرانی 2024) شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهینانی نەوت و گاز کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوایین پێشهاتەکانی نێو پرۆسەی سیاسی عێراق و پەیوەندی و گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە بودجە و نەوت کرا، تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرگریی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی چارەی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێگەچارەی هاوبەش.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، نیازی حکومەتی هەرێم بۆ چارەی ڕیشەیی جەختی لێ کرایەوە و خواستی حکوومەتی هەرێم بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایە ڕوو. بە جۆرێک، کە ئەم پرسە پێویستی بە ڕێگاچارەی هاوبەش و لێتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەکە لەبارەی بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە (5ی حوزەیرانی 2024)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندی دانوستانکار باسیان لە کۆبوونەوە و هەوڵ و ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد.