ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ هاووڵاتییان: پێکەوە هەوڵبدەین ژینگە و جوانی شارەکەمان بپارێزین
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داوا لە هاووڵاتییان دەکات، پاک و خاوێنی شارەکە لە ئەستۆی هەمووانە، دەڵێت، با هەوڵبدەین ژینگە و جوانی شارەکە بپارێزین
نووسینگەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ڕاگەیاندراوێکدا، داوای لە هاوڵاتیانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردووە، ژینگە و پاک و خاوێنی شار کە لە ئەستۆی هەموویانە بیپارێزن، دەشڵێت، با هەوڵبدەین ژینگە و جوانی شارەکەمان بپارێزین.
نووسینگەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بەوە کردووە، فڕێدانی پاشماوەی کەرەستەی بیناسازیی لە ناوشار و قەزا و ناحیەکان و کۆمەڵێک شوێنی دیاریکراو بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، دەڵێت، هەر کەسێک پاشماوەی بیناسازیی لە ناوشار و شوێنە گشتیەکان فڕێ بدات، سزای یاسایی لەسەرە و تووشی توندترین لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
ئەو نووسینگەیە ڕایگەیاندووە، بۆ ئەم مەبەستە چەند شوێنێک لە سەنتەری قەزا و ناحییەکان دیاریی کراوە، دەتوانن لەم شوێنانە خاشاک و پاشماوەکان فڕێبدەن، ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئێستادا بۆ سەنتەری قەزای سۆران شوێنێک لە باپشتیان دیاریی کراوە کە شوێنی فڕێدانی زبڵە.
نووسینگەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داوای لە هاووڵاتییان کردووە، گوڵ و چیمەن و سەوزایی شەقامەکان و قەترەی ئاودانی گوڵ و چیمەن بپارێزن کە سیمایەکی جوانی بە شارەکە بەخشیووە.
دەشڵێت، تکایە با ئاژەڵەکانتان نەبنە هۆکاری شێواندنی ئەم جوانیە، بەخێوکردنی ئاژەڵ لەناو شاردا قەدەغەیە بە پێچەوانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و بە خاوەنەکانیان نادرێتەوە.