سنە میوانداریی پێشانگەی گوڵ و نەمامی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات

نۆیەمین پێشانگای ساڵانەی گوڵ و گیایە لە سنە - ڕۆژهەڵاتی کوردستان
نۆیەمین پێشانگای ساڵانەی گوڵ و گیایە لە سنە - ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشانگەیەکی گوڵ و گیا کرایەوە، خاوەن نەمامگە و بەرهەمهێنەرانی گوڵ و پێداویستییەکانی باخەوانی بەشدارییان تێیدا کردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پێشوازییەکی ئەوتۆ لە پێشانگەکە و بەرهەمەکانی نەکراوە.

ئەمە نۆیەمین پێشانگای ساڵانەی گوڵ و گیایە لە سنە کە تێیدا بەرهەمهێنەرانی گوڵ و گیا لە 20 پارێزگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشدارییان کردووە.

حوسێن بەیات بەڕێوەبەری کارگێڕیی پێشانگە "بەرهەمهێنەرانی گوڵ و داری جوانکاریی لە 20 پارێزگاوە بەشداریان لەم پێشانگەیە کردووە، جیا لەمانەش چەندین جۆری حەوزی فوارە و کورسیی و مێزی تایبەت بە نێو باخ و سەوزایی نمایش کراون، هاوکات چەند کۆمپانیایەکی تایبەت بە پەین و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیش بەشداربوون".

یەکێک لە بەرهەمهێنەرانی گوڵ کە لە پارێزگای ناوەندیی ئێرانەوە بەشداریی کردووە دەڵێت، بە مەبەستی دۆزینەوەی بازاڕ و فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لەم پێشانگایەدا بەشدارییان کردووە و هیوادارە لە سنە پێشوازیی باش لە بەرهەمەکانیان بکرێت.

ئومێد خاکپوور خاوەنی نامەمگەی گوڵ "ئێمە لە شاری محەلات گوڵەباخ بەرهەم دێنین. گوڵەکانمان هەناردە دەکەین بۆ عێراق، عومان، ئەرمینیا و تورکمانستان. ئێستاش لێرەین بۆ ئەوەی بازاڕ بۆ گوڵەکانمان بدۆزینەوە و هیواداریشین خەڵکی ئەم شارە پێشوازیی لە بەرهەمەکانمان بکەن".

بەرهەمهێنەرێکی خەڵکی شاری قوروەی پارێزگای سنە دەڵێت، ئەمە دووەمین ساڵە لەم پێشانگایەدا بەشداری دەکات، گوڵی باش و بەکوالێتیی تێدا نمایش کراوە، بەڵام لە یەک دوو ڕۆژی سەرەتادا خەڵکێکی زۆر سەردانی پێشانگاکەی نەکردووە.

سیروان موعتەمەدی خاوەنی نەمامگە " ئەمساڵیش هەروەک ساڵی ڕابردوو پێشوازییەکی ئەوتۆ لە بەرهەمە نمایشکراوەکان نەکراوە، ئومێدمان دەکرد خەڵکێکی زۆر بێن و کڕیاری باش بن بۆ ساخ کردنەوەی گوڵ و نەمامەکان".

بەرهەمهێنەرێکی پارێزگای ئەراکیش دەڵێت، ساڵی ڕابردوو خەڵک زیاتر سەردانی پێشانگاکەیان دەکرد، ئەمساڵیش زۆر خراپ نەبووە.

سورەییا وەیسی خاوەنی نەمامگە، دەڵێت: "هەرچەندە ساڵی ڕابردوو سەردان و کڕینی گوڵ و بەرهەمەکانی دیکە زۆر باش نەبوو، بەڵام هێشتا لەمساڵ زۆر باشتر بوو".

پێشانگەکە بەردەوام بووە و تیایدا چەندین جۆری گوڵی نێو ماڵ و باخچە لەگەڵ پەین و دەرمانی گوڵ و گیا و پێداویستیی گوڵخانە و باخداری نمایش کرابوون.