بەغدا.. شاندی حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوە

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە ئەمڕۆ شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەغدا کۆبوونەتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2024، ئومێد سەباح، کە سەرۆکایەتی شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی بڵاوی کردووەتەوە کە لە بەغدا، شاندی حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر پرسەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق و خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان و پرسی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و تێچووی کۆمپانیا نەوتییەکان و میکانیزمی ڕێگەچارە بۆ ئەو پرسە تاووتوێ کران.
ڕۆژی شەممە 8ـی حوزەیرانی 2024، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە بەغدا.
لای خۆیەوە ئومێد سەباح، ڕایگەیاند، ئامانج لە سەردانی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان و بەغدا بۆ زیاتر درێژەدانە بە گفتۆگۆکان لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق و دانانی میکانیزمی چارەسەر بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.
ڕۆژی چوارشەممە (5ـی حوزەیرانی 2024) شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهینانی نەوت و گاز کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوایین پێشهاتەکانی نێو پرۆسەی سیاسی عێراق و پەیوەندی و گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە بودجە و نەوت کرا، تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرگریی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی چارەی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێگەچارەی هاوبەش.


