نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان: بەرەوپێشچوونێک بە ئاراستەی گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ کوردەکان هەیە

محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان

K24 – کەرکووک:

نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان ڕایگەیاند، لە بارەگەی وەزارەتی داد لە بەغدا کۆبوونەوەی دووەمی لێژنەی چارەکردنی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووك کرا و بەگشتی بەرەوپێشچوونێک بە ئاراستەی گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ کوردەکان هەیە .

محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: ئەمڕۆ لە بارەگەی وەزارەتی داد لە بەغدا کۆبوونەوەی دووەمی لێژنەی چارەکردنی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووك کرا.

نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، دەڵێت: جیاوازی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ کۆبوونەوەکانی پێشوو ئەوەبوو، ئەم جارە بە جیا لەگەڵ نوێنەرانی کورد و عەرەبی هاوردەی هەر ناوچەیەک کۆبوونەوەکە کرا.

ئاماژەی بەوە دا، لێژنەکە تا ئێستا لە قۆناغی کۆکردنەوەی زانیارییەکانە و دەیەوێت گوێ لە پێشنیاز و چارەی پێویستی لایەنەکان بگرێت.

ناوبراو باسی لەوە کرد، بەگشتی بەرەوپێشچوونێک هەیە بە ئاراستەی گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ کوردەکان، کە ئەوە داواکاری کوردانی هەموو ناوچەکان بوو، هەروەها دواتر عەرەبەکان قەرەبوو بکرێنەوە لەلایەن حکوومەتی عێراقی.

هاوکات محەممەد ئەمین گوتیشی: تا ئێستا بەشێک لە عەرەبەکان ڕازی نین بۆ چارەکردنە و لێژنەکە بڕیاریدا لە ئاییندەدا کۆبوونەوەی دیکە بکات.