کەرکووک.. گەنجێک بە دەستڕێژی پۆلیس هەردوو چاوەکانی لە دەست دا
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە کەرکووک بە ڕەمەکی دەستڕێژ لە دوو گەنجی دەکەن کە هەردووکیان بران و بەسەر ماتۆڕسکیلەوە بوون، خەڵتانی خوێنیان دەکەن، یەکێکیان تەندروستی خراپە و چاوەکانی لە دەست داوە، پۆلیسی شارەکەش پاساوی بۆ تەقەکردنەکە هەیە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو دوو برایە بۆ نانخواردنی بەیانیان لە ماڵ دەرچوونە، بەڵام بێ ئاگا کە دوو کەس بە سواری ماتۆڕسکیلەوە دەستڕێژیان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە و هێزەکانی لە زۆربەی شەقامەکاندا بازگەیان داناوە، دوای نزیکبوونەوەی لە یەکێک بازگەکان دەستڕێژیان لێ دەکرێت و یەکێک لە براکان دوو گولـلە بەر سەری و ئەوی تریش قاچێکی بریندار بووە.
ئەو گەنجەی دوو گولـلە بەر سەری کەوتووە و چاوەکانی لە دەست داوە ناوی عەباسە و تەمەنی 23 ساڵە، دایکی بەدەم گریانەوە بۆ کوردستان24 دەڵێ "دوو گولـلەیان لێ داوە، گولـلەیەکیان لە چاوەی ڕاستییەوە ڕۆیشتووە و لەوەی دیکەیانەوە دەرچووە، چاوێکی بەتەواوی لە دەست داوە و چاوەکەی دیکەشی هەموو دەمارەکانی بچڕاوە، فیشەکەکەی دیکەش لەنێو سەری ماوەتەوە و بارودۆخی زۆر خراپە و دەمانەوێ یاسا سەروەر بێت و چونکە کوڕەم هیچی نەکرد بوو، بۆ نانخواردنی بەیانیان لە ماڵەوە دەرچوو بوون"
بەگوێرەی ڕاپۆرتی پزیشکی نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک، عەباس بەهۆی قورسی برینەکەیەوە پێویستی بەنەشتەرگەریی خێرایە و کەسوکارەکەشی داوادەکەن بەزووترین کات ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێت.
هەر لە بارەی ڕووداوەکەوە حەنان جیهاد، بۆ کوردستان24 گوتی "تەلەفۆنیان بۆماڵەوەمان کرد وتیان وەرن کوڕەکانتان بریندارن، یەکێکیان گولـلە بەرسەری کەوتووە، ئەوەی دیکەشیان بەر قاچی کەوتووە، بۆیە بەپەلە گەشتینە نەخۆشخانە و بینیمان بارودۆخیان بەم شێوەیەیە، ئەم دوو کوڕە هیچیان نەکردووە، ئەگەر گوماناویش بوونایە، دەکرا دەستگیریان بکەن ".
پۆلیسی کەرکووک بەپاساوی بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوە لەم دۆسیەیە هیچ لێدوان و ڕوونکردنەوەیەکیان نەدا، تەنیا ئاماژەیان داوە گوایە ئەو دوو گەنجە لە کاتی ڕووداوەکە چەکیان پێ بووە و لە بازگەیەکی پۆلیس داوایان لێ کراوە بووەستن، بەڵام نەوەستاون هەڵاتوون، بۆیە لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە تەقەیان لێ کراوە.