ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوای جەژنی قوربان کۆدەبێتەوە
K24 – کەرکووک:
پێکهاتەکانی کەرکووک سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک لە ڕێککەوتن نزیک بوونەتەوە و دوای جەژنی قوربان یەکەم کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت، بەپێی زانیارییەکانیش پۆستی پارێزگار بەشێوەی خول دوو ساڵ بە دوو ساڵ لە نێوان کورد و عەرەب ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕیارە یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دوای جەژنی قوربان ئەنجام بدرێت، لە ماوەی دووهەفتەی دوای کۆبوونەوەکەش پێکهاتەکان پابەند دەکرێن بە ڕێککەوتن.
لەلایەن خۆیەوە، ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاند: بەپێی ڕێککەوتنی پێکهاتەکان لە دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوای جەژنی قوربانی کۆببێتەوە.
هەروەها نەجوا حەمید کاکەیی، پەرلەمانتاری عێراق ئاشکرای کرد، لێک تێگەیشتنێک هەیە لەسەر ئەوەی دوو ساڵ بە دوو ساڵ، پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە نێوان کورد و عەرەب ئاڵوگۆڕ بکرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەردوو پێکهاتە داوای دوو ساڵی یەکەم دەکەن.
هاوکات حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جەختی کردەوە، مانەوەی دۆخی ئێستای کەرکووک وەک خۆی تەنیا خزمەت بە پێکهاتەی عەرەب دەکات و لە بەرژەوەندی کورد و تورکمان نییە.
بەهۆی قۆرخکردنی پۆست و دەسەڵاتەکانی کەرکووک و مانەوەی دۆخەکە بەمشێوەیە زیاتر لە بەرژەوەندی پێکهاتەی عەرەبە و هەرئەوانیش بە هۆکاری دواخستنی حکومەتی خۆجێی کەرکووک تۆمەتبار دەکرێن.
نەبوونی دەسەڵاتی چاودێری بەسەر ئیدارەی سەپێنراوی کەرکووک، گەندەڵی لە پرۆژەکان و خەرجکردنی و بەهەدەردانی پارەی بەرهەمهێناوە، جگەلەوەش دامەزراندن و دابەشکردنی زەوی و دەیان بابەتی دیکە لە بەرژەوەندی و بە دڵی پێکهاتەیەکی دیاریکراوە.