سلێمانی؛ لە ئەنجامی تەقینەوەی سیستەمی گازی باڵەخانەیەک کەسێک مرد
لە گەڕەکی ئاشتیی سلێمانی، سیستەمی گازی باڵەخانەیەکی بازرگانی تەقییەوە و لە ئەنجامدا کەسێک مرد و ئاگری لە بەشی سەرەوەی باڵەخانەکە کەوتەوە.
بە گوتەی شایەتحاڵێک ڕووداوەکە کاتژمێر 9:20 خوولەک ڕوویداوە، بەهۆی کارکردنی وەستایەکەوە بووە لە سیستەمی گازی باڵەخانەکە و لەگەڵ تەقینەوەی سیستەمەکە، وەستاکە دەستبەجێ مردووە و تەرمەکەی گواستراوەتەوە دادپزیشکی سلێمانی، بەڵام ناسنامەی قوربانییەکە ئاشکرا نەکراوە. هەروەها بەهۆی دووکەڵی ئاگرکەوتنەوەکەش یەکێک لە ئەندامانی بەرگری شاستانیی تەندروستی تێک چووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو باڵەخانەی تەقینەوەی سیستەمی گازی تێیدا بووە، باڵەخانەیەکی بازرگانییە و تەنیا نهۆمی خوارەوەی بە تەواوی ئاوەدانکراوەتەوە کە خواردنگەیە، ئەویش بەهۆی تەقینەوەکەوە چۆڵ كراوە.
هەروەها تیمەکانی بەرگریی شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هۆی ڕوودانی تەقینەوەکە.