بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە، عێراق بودجەی زیاتری بۆ بەرگریی تەرخان کردووە

لە کاتێکدا عێراق بەدەست کێشەی نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست لە بوارە جیا جیاکان گرفتارە، بەڵام ساڵانە لە بودجەی گشتی، پارەیەکی خەیاڵی بۆ بەرگریی لە وڵات تەرخان دەکرێت، کە بە بەراورد بە بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە زۆر زیاترە.
بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2024، 211 ترلیۆن دینارە، بۆ ئەمساڵ لەو پارەیە بڕی 33 ترلیۆن و 300 ملیار دینار بۆ بەرگریی عێراق بەگشتیی تەرخان کراوە، لە کاتێکدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە چوار ترلیۆن دینار زیادی کردووە.
لە بڕە بودجەی بەرگریی ئەمساڵیش، 13 ترلیۆن و 200 ملیار دینار بۆ مووچەی وەزارەتی ناوخۆ تەرخان کراوە. مووچەی وەزارەتی بەرگریش 8 ترلیۆن و 300 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە. هەروەها 3 ترلیۆن و 900 ملیار دیناری دیکەشی بۆ مووچەی دەستەی حەشدی شەعبی تەرخان کراوە.
ئەم بڕەش بۆ مووچەی هەریەک لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی و دەستەی حەشدی شەعبی دانراوە، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ترلیۆنێک و 500 ملیار دینار زیادی کردووە.
بودجەی ئەمساڵی بەرگریی عێراق بە بەراورد بە بەشێک لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بە دەیان ترلیۆن دینار زیاترە، لەوانەش ئێران، بودجەی بەرگریی ئەو وڵاتە بۆ 2023 تەنیا 13 ترلیۆن و 500 ملیار دینار بوو، کوەیت 8 ترلیۆن دینار و بودجەی بەرگریی ئوردنیش تەنیا 3 تریلیۆن و 300 ملیار دینارە.