کیژان "مەستی خەیاڵ"ی بڵاوکردەوە

خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ کیژان ئیبراهیم خەیات، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "مەستی خەیاڵ" لەچەناڵی یوتیوب بڵاوکردەوە.
خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ کیژان ئیبراهیم خەیات، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: ئەو بەرهەمە نوێیەم لە تێکستی جەعفەر رەشادەتە و هاوڕێ شاهین گۆرانییەکەی ریکۆرد کردووە و ساسان سەمەد ئاواز و دابەشکردنی بۆ کردووە و لە میکس و ماسترینگی شەهباز شاهین پورە.
کیژان گوتیشی: ئەوە نوێترین بەرهەمی منە، کە گۆرانییەکی خاوە وەکو هەموو گۆرانییەکانی ترم، ئەم گۆرانییەم لەڕووی ئاواز و دابەشکردنەوە زۆر تایبەتە لای من، هیوادارم ئەو گۆرانییەم لای گوێگرەکانیشم تایبەت بێت و چێژی لێ وەربگرن.
هونەرمەندی گۆرانیبێژ کیژان ئیبراهیم خەیات، تەمەنی ٣٩ ساڵە و خەڵکی سلێمانییە، ماوەیەکی زۆرە دەستی بەکاری هونەری کردووە و خاوەنی چەندین گۆرانییە، لەئێستادا نوێترێن گۆرانی بەناوی "مەستی خەیاڵ" بڵاوکردۆتەوە.