پیاوێکی چینی زەماوەندی لەگەڵ کچێکدا کرد کە 57 ساڵ لە خۆی بچووکترە

پیاوێکی چینی تەمەن 80 ساڵ کچێکی 57 ساڵ لە خۆی بچووکتری هێنا و زەماوەندی لەگەڵ کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە خانەی بەساڵاچووان ئەو کچەی بینیوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکان، چیرۆکەکە لە پارێزگای "هێبی" چین ڕووی داوە، کاتێک کچێک بە ناوی "شیاو فانگ" لە خانەی بەساڵاچووان کاردەکات، لەوێدا پیاوێکی بەساڵاچوو بە ناوی " لی" ناسیووە و بوونەتە هاوڕێی نزیکی یەکتر دواتر هاوڕێیەتییەکەیان گۆڕاوە بۆ خۆشەویستی، پاشانیش بڕیاریان داوە زەماوەند بکەن، هەرچەندە خێزانی کچەکە بەو زەماوەندە ڕازیی نەبوون بەڵام بەگوێرەی ماڵپەڕی " news18.com" شیاو فانگ هەموو پەیوەندییەکی لەگەڵ دایک و باوکیدا پچڕاندووە بۆ ئەوەی زەماوەند لەگەڵ "لی" بکات.
"شیاو فانگ" ئاشکراشی کرد، ئەوەی سەرنجی بۆ لای "لی" ڕاکێشاوە، تێگەیشتن و سەقامگیری و حیکمەتی بووە، "لی"ش بەهۆی میهرەبانیی و چالاکییەوە ئەو کچەی چۆتە دڵییەوە و خۆشی ویستووە.
ئەم دوو هاوسەرە لەم دواییانەدا بە بۆنەی زەماوەندەکەیانەوە ئاهەنگێکی سادەیان ساز کرد، بەڵام هەموو ئەندامانی خێزانی بووک و زاوا ئامادە نەبوون، چونکە لە ڕوانگەی خۆیانەوە زەماوەندێکی نایەکسانیان کردووە.
زۆرێک لە وێنەی پڕ لە "خۆشەویستیی ئەو ژن و مێردە" نوێیە لە سۆشیالمێدیادا بڵاوبوونەتەوە، کە ئەو دووانە بە شێوەیەکی ڕۆمانسی وێنە دەگرن.
چیرۆکی ڕۆمانسی "شیاوفانگ و لی" مشتومڕێکی گەرمی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست کرد، زۆر کەس ئەو کچە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە لە پێناو پارەدا زەماوەندی لەگەڵ پیاوێکی بەساڵاچوودا کردووە، لە کاتێکدا زۆرێک ستایشی ئەو کچە دەکەن بەهۆی بوێری و خۆشەویستییەکەی بۆ لی.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کچەکە تاکە بژێوی خێزانەکەیەتی، چونکە مێردەکەی بەهۆی پیرییەوە تەنیا پشتی بە پارەی خانەنشینییەکەی بەستووە، سەرەڕای هەموو ئەگەرەکان، کچەکە بڕیاریداوە زەماوەند لەگەڵ پیاوێک بکات کە لە تەمەنی باپیرەیدایە.