فیلمێکی کوردی بەشداری 14مین فێستیڤاڵی فیلمی "مێدیتەرانە" لە ئیتاڵیا دەکات
کورتە بەڵگە فیلمی "وڵاتی ژنانی ژێر زەوی" لە دەرهێنانی ڕێکەوت حەمە تۆفیقە، بەشداری لە 14مین خولی فێستیڤاڵی کورتەفیلمی "مێدیتەرانە" لە ئیتاڵیا دەکات.
ئەمڕۆ هەینی 21ـی حوزەیرانی 2024، دیدار عومەر، نووسەری ئەو بەڵگە فیلمە، دەربارەی بەشداریکرنیان لە فێستیڤاڵی فیلم لە ئیتاڵیا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، جێگای دڵخۆشییە کە بەڵگە فیلمەکەمان لەزۆربەی فێستیڤاڵەکاندا هەڵدەبژێردرێت.
ئەو نووسەرە دەڵێت، "بەڵگە فیلمی "وڵاتی ژنانی ژێر زەوی" لەچەندین فێستیڤاڵی دیکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و ئەمەریکا و ڕووسیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا بەشداربووە و لەزۆربەی فێستیڤاڵەکاندا خەڵاتمان بەدەستهێناوە و هیوادارم لەو فێستیڤاڵەش بتوانین خەڵات بەدەستبهێنین".
نووسەری بەڵگە فیلمەکە دەشڵێت: "چیرۆکی بەڵگە فیلمەکە باس لە پیاوێک دەکات بە درێژایی 13 ساڵ لە گۆڕستان کار دەکات کە تایبەتە بەو ژنانەی کوژراون و بێ ناونیشانن. ئەو پیاوە گۆڕ هەڵکەنە، باخەوان و کەسوکاری ئەو گۆڕستانەیە".
بەڵگە فیلمی "وڵاتی ژنانی ژێر زەوی" لەنووسینی دیدار عومەر هەمەوەندییە و ڕێکەوت حەمە تۆفیق کاری دەرهێنانی بۆ کردووە. ئەو بەڵگە فیلمە بەشداری زۆربەی فێستیڤاڵەکانی کردووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە.