لە عەفرین تەعریب بەردەوامە
پرۆسەی تەعریبکردنی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەری لەلایەن تورکیا و گرووپە میلیشیاکانی بەردەوامە و بەهەموو شێوەیەک کار لە سەر گۆڕينی دیموگرافیای ئەو بەشەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت.
هەوڵەکانی گۆڕینی دیموگرافیا و داماڵینی مۆرک و کولتووری کوردستانی بوونی عەفرین بەردەوامن، لە لایەکەوە، گرووپە میلیشیاکان کە لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، بەردەوامن لە داگیرکردنی ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانی کورد و تێکدانی باخە زەیتوونەکان و شێواندنی سروشتی ناوچەکە، لەلایەکی دیکەشەوە حکوومەتی تورکیا بە ناردنەوەی پەنابەرانی عەرەبی سووریی و جێگیرکردنیان لە عەفرین هێندەی دیکە شاڵاوی تەعریبکردنی خێراتر کردووە.
لە دوای داگیرکردنی عەفرین، حکوومەتی تورکیا ماوە ماوە کۆمەڵێک لە پەنابەرانی سووری لە وڵاتەکەی دەردەکات و لە ڕێگەی گرووپە میلیشیاکانەوە لە سەنتەری شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان و گوندەکانی دەوروبەری نیشتەجێیان دەکات.
محەممەد کە خەڵکی شاری ئیدلیبە، یەكێک لە پەنابەرە دەرکراوەکان و ئێستا لە عەفرین نیشەجێ کراوە باس لەوە دەکات، دوای سێ ساڵ پەنابەریی لە تورکیا، حکوومەتی ئەنقەرە ناردوویەتییەوە و لە عەفرین نیشتەجێی کردوون، بەڵام ئەو هەست بە ئاسوودەیی ناکات و پرسیار دەکات کە بۆ لە عەفرین نیشتەجێ کراون نەک لە ئیدلیب.
محەممەد عەلی دەڵێ "حکوومەتی تورکیا من و خێزانەکەمی بەزۆر دەرکرد و ئاودیوی سنووری سووریای کردینەوە، لەو کاتەوە ئێمە لە عەفرین نیشتەجێ بووین، ئێمە خەڵکی عەفرین نین، بەڵکو خەڵکی شارۆچکەی مەعەرەت نوعمانی ئیدلیبین، لێرە بارودۆخ و گوزەرانمان زۆر سەختە، ئێمە پەنابەر بووین کەچی ئێستا بووینەتە ئاوارە."
جیا لە داگیرکردنی ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی کورد لە عەفرین و نیشتەجێکردنی عەرەبی ناوچەکانی دیکەی سووریا، دەیان خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی لە دەوروبەری شاری عەفرین نیشتەجێ کراون، کە زۆربەیان خەڵکی پارێزگاکانی ئیدلیب و حەلەب و دێرەزورن.
هەریەکێک لەو خێزانانە چیرۆکێکی جیاوازی لە بارەی دەرکردنی لە تورکیا و نیشەجێکردنی لە عەفرین هەیە.
خالید ئەحمەد ئاوارەیەکی دیکەی دیکەی نیشتەجێکراوی عەفرین دەڵێ "من لە ئەستەنبوڵ بووم کاتێک بۆ سەر کار دەچووم، دەستگیرکرام و بەزۆر ڕەوانەی عەفرین کرام، ئێستا لە عەفرین هیچ کەسێکم نییە".
هەروەها حەمیدە سەلیم ئافرەتێکی بەساڵاچووە و بەو ئومێدە دەژیت ڕۆژێک بێت و بگەڕێتەوە زێدی خۆی و دەڵێ"من داواکارم بمگەڕێننەوە زێدی خۆم جگە لەمە هیچ داواکارییەکی دیکەم نییە، ئەوە 12 ساڵە من لە زێدی خۆم دوورم و تەنیا دەمەوێت بگەڕێمەوە شارەکەی خۆم".
20ی ئاداری 2018 دوای 58 ڕۆژ لە شەڕو پێکدادان گرووپە میلیشیاکان بە پشتوانی تورکیا توانیان عەفرین و دەوروبەری داگیر بکەن، بەهۆیەوە دەیان هەزار هاووڵاتیی کورد لەو شارە ئاوارە بوون .
بەگوێرەی سەنتەری ئەوروپی بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی لە جندرێسی سەر بەعەفرین، دوای شەش ساڵ لە داگیرکاری ئێستا تەنیا هەشت هەزار 883 خێزانی کورد لە عەفرین ماون لە بەرانبەردا 42 هەزار خێزانی عەرەبی دیمەشق و پارێزگای ئیدلیب و ناوچەکانی دیکەی سووریا لە سەر موڵک و ماڵی هاووڵاتییانی کوردەکان نیشتەجێ کراون.
هەروەها سەدان هەزار دار زەیتوون بڕدراون و لە نێو براون، هەزاران دار زەیتوون و داری بەری دیکە هەڵکەندراون و بەرەو ناوچەی تر بردراون.
لە دوای داگیرکردنی عەفرین تا وەکوو ئێستا زۆرینەی ناوچە شوێنەوارییەکانی عەفرین لەلایەن سەربازانی تورکیاوە هەڵکەندراون پارچەکانیان دزراوە.
بەگوێرەی زانیاریی چالاکوانان بواری شوێنەوارناس، پارچە شوێنەوارییەکانی گردی جندرێس، قەڵای نەبی هۆری، قەڵای سەمان و ئەشکەوتی دوو دەری دزراون لەلایەن گرووپە میلیشیاکان دزراون.
ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین بڵاوی کردووەتەوە، سوپای تورکیا و میلیشیاکان زیاتر لە 50 شوێنەواری مێژوویی و مەزارگە ئاینییەکانیان هەڵکەندووە و زیاتر لە 20،000 پارچە کەلوپەلی شوێنەواریان گواستویاننەوە بۆ تورکیا.
لە عەفرین چەندین شوێنی مێژوویی هەیە، جگە لە قەڵای هۆری، قەڵای سامان، ئەشکەوتی دودری، کەنیسەی مارمارۆن و دەیان شوێنی دیکە نزیکەی 25 گردی مێژووییان هەیە، کە زۆربەیان بە درێژایی ڕووباری عەفرین ڕیزکراون و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ 2000 ساڵ بەر لە زایین.