بکوژی خێزانە کوردەکەی ڕووسیا زیندانی تاهەتایی بەسەردا سەپێنرا

دوای سێ ساڵ لە کوشتنی سێ ئەندامی خێزانێکی کورد، تاوانبارەکە لەلایەن دادگای ڕووسیاوە سزای زیندانی تاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.
شەوی 16 لەسەر 17ی ئەیلوولی 2021 لە گوندی ڤەڵچانسکۆی پارێزگای ڤارۆنیژی ڕووسیا، سێ ئەندامی خێزانێکی کوردی نیشتەجێی گوندەکە بەناوەکانی گولیستان ئیبراهیمۆڤای تەمەن 59 ساڵ، نادیر تەمەن 19 ساڵ و عەزیزی 5 ساڵان، کە سەرقاڵی بەخێوکردنی ئاژەڵبوون، لە لایەن کەسێکی بەڕەچەڵەک ڕووس، بەناوی ڤیکتەر میرسکۆی کوژران.
تاوانبارەکە دوای کوشتنی سێ هاووڵاتییە کوردەکە، هێرش دەکاتە سەر بنکەی پۆلیسی ناوچەکە و کارمەندێکی پۆلیس بریندار دەکات. لە کاتی گەڕانی هێزە ئەمنییەکانی ڕووسیا بەدوای تۆمەتباردا، ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبێتەوە، دواتر بەبرینداری دەستگیری دەکەن.
پاش سێ ساڵ و چەندین دانیشتنی دادگا، دواجار دادوەر سزای زیندانی تاهەتایی بەسەر تاوانباردا سەپاند.
بەگوێرەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە و دانپێدانانەکانی تاوانبارەکە، کێشەکە لەسەر مانگایەک بووە و بکوژ (ڤیکتەر میرسکۆی) ویستویەتی مانگاکە لەو خێزانە کوردە بکڕێت، بەڵام ئەوان پێیان نەفرۆشتووە و بۆخۆیان کوشتویانەتەوە، بۆیە میرسکۆی لە بنکەی پۆلیسی ناوچەکە سکاڵا لە دژی گولیستان تۆمار کردووە، بەڵام پۆلیس لایەنی خێزانە کوردەکەی گرتووە.
هەروەها تاوانبار لە بەردەم دادوەر دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و پەشیمان نەبووەتەوە لە کوشتنیان، تەنیا گوتوویەتی: کوشتنی منداڵە تەمەن پێنج ساڵەکە بەڕێکەوت بووە.
400 هاووڵاتیی ڕووس و کورد و نەتەوەکانی دیكه لە گوندی ڤەڵچانسکۆی دەژین، گوندەکە بە دووری 165 کیلۆمەتر کەوتووهتە باشووری پارێزگای ڤارۆنیژ و 1076 کیلۆمەتر لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیاوە دوورە.