لە سبەینێوە کێشەی پەنجەمۆری دەنگدەران چارە دەکرێت

مەروان محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، گشت بنکەکانی نووسینگەی هەولێر کۆمیسیۆن لە سبەینێوە پێشوازیی هاووڵاتییان دەکەنەوە بۆ چارەکردنی کێشەی پەنجە مۆرەکانیانن.
مەروان محەممەد گوتیشی: ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆن پێداچوونەوە بە خشتەی کارەکانیدا دەکات و هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەوانەی پێشتر سەردانی بنکەکانیان کردووە و کێشەی خوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەبووە دەتوانن لە سبەینێ دووشەممەوە واتە لە 1 تاوەکوو 10ی تەممووزی 2024 سەردانی هەر یەکێک لە بنکەکانی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆن بکەن کە ژمارەیان 53 بنکەیە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارە بکرێت.
گوتیشی: لە سنووری پارێزگای هەولێر پێشتر نزیکەی 135 هەزار کەس کێشەی پەنجەمۆریان هەبووە، بەڵام نزیکەی 16 هەزار هاووڵاتیی سەردانی بنکەکانیان کردووە و پەنجە مۆرەکانیان وەرگیراوەتەوە، هەربۆیە ئێستا داوا لەو هاوڵاتییانە دەکەین کە کێشەیان هەیە سەردانی بنکەکان بکەن بۆ چارەکردنی پرسەکانیان.
لە بارەی وەرگرتنی فەرمانبەرانی بۆ بنکە و وێستگەکان لە ڕۆژانی دەنگدان، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان گوتی: لە 4 تاوەکوو 20ی تەممووزی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و لەم ڕۆژانەش وەرگرتنی ناو و لیستی کاندیدانی بەشدارکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ دەکرێت.
لە دوای دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ بۆ سێیەم جار وادەی پێشکەشکردنی داواکاریی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و حزب و کاندیدانی سەربەخۆی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 27ی حوزەیرانەوە بۆ 4ی تەممووز درێژ کردەوە.