نێچیرڤان بارزانی: نەمسا خواستی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

K24 – ڤیەننا:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڤیەننا ڕایگەیاند: نەمسا خواستی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و ئێمەش لە دیداری سەرۆکی نەمسا، داوای کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەو وڵاتەمان کرد لە هەولێر.

ڕۆژی (2ـی تەمموزی 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی سەردانەکەی بۆ نەمسا ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی داوەتێکی فەرمی سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە و لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆککۆماری نەمسا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردووە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: پەیوەندییەکی دێرینیان هەیە لەگەڵ نەمسا و لە دوایین سەردانی وەزیری دەرەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان داوەتنامەیەکی بۆ هێنابووین و ئێستا لەسەر ئەو بانگهێشتە سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد: نەمسا خواستی هەیە پەیوەندییەکانی زیاتر پەرەپێبدات و دوای کردنەوەی باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا، ئێستا ئێمە داوامان کردووە کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێریش بکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە لە پەیوەندییەکان و بەدواداچوون بەردەوام دەبن و باڵیۆزی عێراقیش لە نەمسا کاری لەسەر دەکات.

هاوکات جەختی کردەوە: نەمسا تێگەیشتنێکی باشی هەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: سوپاسی پێشوازییەکەی سەرۆککۆماری نەمسامان کرد و هیوادارین پەیوەندییەکانی نێوانمان زیاتر بەرەو پێشتر بچێت.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی ڕوونیکردەوە: ئێستا پەیوەندییەکانی نێوانیان لە ئاستێکی باشدایە، هەرچەندە هەموو کێشەکان چارەسەرنەکراون بەڵام سەردانەکانیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و شاندەکانی دیکەی حکوومەت لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان.

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: بەغدا جددییە لە چارەسەرکردنی کێشەکان و هەرێمی کوردستانیش لەسەر رۆڵی خۆی بەردەوام دەبێت لەپێناو گەیشتنە چارەسەری تەواوی کێشەکان کە بەشێک لەو کێشانە کاتی پێویستە و لە شەو و ڕۆژێکدا، چارەسەرنابن.

نيوه‌ڕۆى سێشه‌ممه‌ (2ـی تەمموزی 2024) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڤيه‌ننا له‌گه‌ڵ ئه‌لکسه‌نده‌ر شالنبێرگ، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا كۆبووه‌وه‌ و بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەریمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستا‌ن، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانيدا کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها تيشكيان خسته‌ سه‌ر دۆخى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ڕۆڵى نه‌مسا له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا.

ڕۆژی (1ـی تەممووزی 2024) نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ڤیەننای پایتەختی نەمسا و لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی نەمسا چەند پرسێکی گرنگ سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و نەمسا تاوتوێ کرد.

Fly Erbil Advertisment