سەرۆک بارزانی ڕۆڵی لە چارەکردنی کێشەکانی عێراقدا هەبووە
K24 – هەولێر:
سەرۆك بارزانی لە هەرێمی كوردستانەوە بەردەوام ڕۆڵی هەبووە لە چارەكردنی بەشێكی زۆر لە كێشەكانی عێراق، تەنانەت بە سەردانی بەغداش توانای هەبووە چارە بۆ ئەم كێشانەی بەغدا دەستنیشان بكات. ئێستەش كە عێراق و ناوچەكە بە دۆخێكی ھەستیاردا گوزەر دەكەن لایەنە سیاسییەكانی عێراق پێویستییان بە پێشنیاز و دەستپێشخەری و ڕێگەچارەکانی كەسایەتییەكی وەك سەرۆك بارزانی هەیە.
عێراق و ناوچەكە بە دۆخێكی ھەستیاردا تێ دەپەڕن، ھەرێمی كوردستان بەردەوام ھەوڵی داوە بەشێك بێت لە هاوكێشەی چارەی كێشەكانی عێراق و دوورخستنەوەی لە ململانێكانی ناوچەكە.
خەڵكی عێراق بە گشتی و لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی پێویستیان بە پێشنیاز و ڕاسپاردە و ڕێگەچارەكانی كەساتییەكی وەك سەرۆك بارزانی هەیە. سەرۆك بارزانی لە هەرێمی كوردستانەوە بەردەوام ڕۆڵی هەبووە لە چارەکردنی بەشێكی زۆر لە كێشەكانی عێراق، تەنانەت بە سەردانی بەغداش توانای هەبووە چارە بۆ ئەم كێشانەی بەغدا دەستنیشان بكات.
ئەم جۆرە جموجووڵانەی سەرۆك بارزانی دەچێتە خانەی پاراستنی گەلانی عێراق لەم قۆناغەدا، دیمەنی سیاسی لە عێراق و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە جارێكی دیكە دەرفەت بدرێت سەقامگیریی ئەمنیی و سیاسی بێتە ئاراوە.
سەرۆك بارزانی، لە قووڵایی ئەزموونەكانی خۆیەوە هەست بە مەترسییەكانی سەر ئەم دەوڵەتە دەكات، هەروەها بە دەرفەتی مێژوویی دەزانێت كە كورد ڕۆڵە مێژووییەكەی خۆی جارێكی دیكە ببینێت بۆ چارەکردنی كێشەكان، هەڵبەتە ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی لەوەدایە كە لێكگەیشتنی نێودەوڵەتیی و ئیقلیمی هەیە لەم مەسەلەیەدا. تەنانەت، لەم ڕووەوە كۆمەڵگەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییش حیسابێكی تایبەت بۆ پێگەی سەرۆك بارزانی دەكەن.
سەرۆك بارزانی، ھەوڵ دەدات نوێنەرایەتی كورد لە بەغدا لەسەر بنەمای لێهاتوویی و متمانە بێت. چونكە، ئەزموونی بیست ساڵی ڕابردوو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، زۆر جار ئەم جۆرە نوێنەرایەتییانە تا ڕادەیەك چ لە پەرلەمان یان لە حكوومەت یانیش لە دامەزراوەكانی دیكەی عێراق وەكو پێویست نەبوون و ھەندێ لایەن ئەو پۆست و پێگانەی ھەبوون بۆ بەرژەوەندیی خۆیان قۆستەوە و زاڵیش بوون. بۆیە، ئامادەنەبوون و دووركەوتنەوەی كورد لەو شوێنانە كاریگەرییان هەبوو، بەمەش لێكترازانێك لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق هاتە ئاراوە. ئێستە هێمنی و دڵسۆزیی سەرۆك بارزانی و تێگەیشتنی بۆ كێشەكان بەو ئاراستەیە دەچن كە كورد بەرەو قۆناغی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی هەنگاو دەنێت.
پێگە و ڕۆڵە مێژووییەكەی سەرۆك بارزانی لەم قۆناغە مێژوویەدا ڕوون و بەرچاوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و گەلانی دیكەی عێراق. هەنگاوەكانی بە باوەڕهێنان بە پرەنسیپەكانی ڕاستەقینەی مافە ڕەواكانی نەتەوەیی بەو ئاراستەیە دەچن، كە بۆ پاراستنی مافی گەلی كوردستانە.