رووماڵ

پانۆرامای دیدارەکانی یەکەم ڕۆژی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 - هەولێر:

سەرۆک بارزانی بە مەبەستی سازدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و سەرکردە سیاسیەکانی عێراق، گەیشتە بەغدا، لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و ڕایگەیاند: ئامانج لە سەردانەکەی، بەهێزکردنی ئەو هەوڵانەیە کە پێشتر لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دراون و بوونەتە هۆی کردنەوەی گرێکوێرەکان و باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکوومەت.

کاتژمێر 11:20 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، چوارشەممە، 3ـی تەمموزی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی، بە یاوەری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد تەمیم و فوئاد حوسێن، جێگرانی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسە حکوومی و سیاسیەکانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.

ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک بارزانی دەکات بۆ بەغدا پێک دێت لە: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەرەفات کەرەم ستوونی، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی؛ ئازاد بەرواری و هێمن هەورامی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و لە شاری بەغدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و سیاسییەکانی عێراق دەکات و دیداری لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکان دەبێت.

سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق
سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق

سەرۆک بارزانی: گفتوگۆیەکی بونیاتنەرانەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد

سەرۆک بارزانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی دەربڕی و ڕایگەیاند "ئامانج لە سەردانەکەی، بەهێزکردنی ئەو هەوڵانەیە کە پێشتر لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دراون و بوونەتە هۆی کردنەوەی گرێکوێرەکان و باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان".

سەرۆک بارزانی، سوپاسی و ستایشی هەردوو سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و محەممەد شییاع سوودانی و هەموو ئەو بەرپرسە سیاسییانەی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵیان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا داوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشیان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، "گفتوگۆیەکی بونیاتنەرانە" و "تێڕوانینی هاوتا"ـیان لەبارەی بارودۆخی ناوخۆیی و هەرێمی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هەبووە و دووپاتیشی کردەوە، "بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی و هاوکاریی".

سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە، "ئەگەر نیازی باش هەبن، چارەکردنی هیچ کێشەیەک زەحمەت نابێت. سوپاس بۆ خوا ئەم نیازانە هەن و برام، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەم نیازانە سەرکردایەتیی وڵات دەکات؛ بەو نیازانەی ئێمەی گەیاندووەتە ئەم بارودۆخە ئارامە. هیوادارین ئەنجامەکان لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکاندا بن".

سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق
سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق

لای خۆیەوە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا گوتی: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی "گرنگە" و لەبارەی پرسە ناوخۆیی و هەرێمییەکان گفتوگۆمان کردووە.

سوودانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "ئەمڕۆ شەرەفمەندبووم بەم سەردانەی برای بەڕێز کاک مەسعود بارزانی، ئەم سەردانەی بۆ بەغدا گرنگە بە مەبەستی دیدار و گفتوگۆکان، چونکە سەرکردەیەکی نیشتمانپەروەرە و ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری هەبووە لە پرۆسەی سیاسییدا".

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشیان، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد: "گفتوگۆیەکی بنیادنەرانەمان لەسەر پرسە جیاوازە ناوخۆییەکان و دۆخە هەرێمییەکان کردووە، بەدڵنیاییەوە لە بارەی ناوخۆوە قۆناغێکی باشمان لە دروستکردنی متمانە لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیوە، هەروا لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا چەند پرسێکمان تێپەڕاندووە، ئێستاش بەرەو گەشەپێدانی زیاتر و داهاتووێکی گەشاوەتر هەنگاو دەنێین کە سوودی بۆ تەواوی هاووڵاتییانمان هەبێت لە بوژانەوە و گەشانەوەدا".

لەبارەی دۆخی ناوچەکەش، محەممەد شییاع سوودانی گوتی: "خراپی دۆخی هەرێمی و ئەو پێشهاتانەی ناوچەکەی گرتووتەوە، بەشێکی گرنگی گفتوگۆکانمان بوو، لەمبارەوە جەختمان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی و سەروەری عێراق کردووتەوە، کە عێراق لە مەیدانی ململانێکان بەدوور بگرین و لە ئاستی کێشە و ململانێکاندا هەڵوێستی بێلانەمان هەبێت".

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ سوودانی و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ سوودانی و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت

سەرۆک بارزانی لەگەڵ سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت كۆبووه‌وه‌

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی له‌ چاره‌كردنی ته‌واوی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرده‌وه‌.

گفتوگۆ له‌باره‌ی پرسە ناوخۆیی و هه‌رێمایه‌تییه‌كان و تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌ سه‌خته‌كان به‌ گشتی، بابه‌ته‌ ئابووری و سیاسییه‌كان، چه‌ند ته‌وه‌رێكی گرنگی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆك بارزانی و سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بوون.

ئه‌مڕۆ سه‌رۆك بارزانی سه‌ردانی به‌غدای كرد و زنجیره‌یه‌ك دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵاكانی سیاسی و ئیداری عێراق کرد.

سەرۆک بارزانی و فایەق زێدان
سەرۆک بارزانی و فایەق زێدان

سەرۆک بارزانی لە بەغدا لەگەڵ فایەق زێدان کۆبووەوە

دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شییاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌گه‌ڵ فایق زێدان، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی كۆبووەوە‌.

لەدیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندیی نێوان لایەنەکان و دواپێشهاتە هەرێمایەتییەکان تاوتوێ کرا و جەخت چاره‌كردنی ته‌واوی كێشه‌ و گرفته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و یاسا کرایەوە.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ڕاگەیاند و بە گرنگ و مێژوویی وەسف کرد.

پێشوازیکردن لە سەرۆک بارزانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا (وێنە: بارەگای بارزانی)
پێشوازیکردن لە سەرۆک بارزانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا (وێنە: بارەگای بارزانی)

گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نەسر: سەرۆك بارزانی جێی متمانەی خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی عێراقە

سەلام زوبێدی، گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نەسر، ڕایگەیاند، سەرۆك بارزانی جێی متمانەی خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی عێراقە. دەشڵێت، دەستپێشخەری و ھەوڵەكانی سەرۆك بارزانی ھەمیشە ھاوكاربوونە لە لێكنزیككردنەوەی لایەنەكان و ئێستاش چاوەڕێ دەكەن ھاتنی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا كۆكردنەوەی بۆچوونە جیاوازەكانی لێ بكەوێتەوە.

سەلام زوبێدی گوتیشی: "سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا سەردانێكی مێژووییە، چونكە جێگەی متمانەی لایەنەكانە و بەشداربووە لە نووسینەوەی دەستووری عێراقدا. ھاتنی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا لە كاتێكدایە كە چەندین دۆسییەی گرنگ لە عێراق بە ھەڵواسراوی ماونەتەوە و چارە نەكراون. پێم وایە لەم سەردانەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەم دۆسیانە دەكرێت و دۆخی ھەستیاری ناوچەكەش تاوتوێ دەكرێت. ھیوادارین ئەم سەردانە ببێتە ھۆی چارەی یەكجارەكیی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا".

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق
سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد. بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، لەدیدارەکەدا، سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر هۆکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و ئاماژەی بەوە دا کە دوای ئەوەی هەست بەوە کرا کە نیازپاکی هەیە لە چارەکردنی گرفتەکان و پابەندبوون بە دەستوور و دروستبوونی کەشێکی ئەرێنی لە بەغدا و هەروەها بۆ باسکردنی ئەو بابەتانەی کە ڕەهەندی نیشتمانی هەیە، سەردانی بەغدای کردووە.

پەیوەست بە مانەوەی هێزی هاوپەیمانان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ئەمە پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەست نییە بە لایەنێک و دەبێ سەقامگیریی و بەرژەوەندییەکانی عێراق لەبەرچاو بگیرێت.

هەر لەو دیدارەدا، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سەردانەکەی سەرۆک بارزانی و باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا ڕاگەیاند و جەختی کردەوە هانی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەدەن بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان و بەردەوامی و بەهێزکردنی دیالۆگی نێوانیان.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمیش، باڵیۆزی ئەمەریکا پێشوازیی لە دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی کرد.

سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی چین
سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی چین

سەرۆک بارزانی لە بەغدا پێشوازیی لە باڵیۆزی چین لە عێراق دەکات

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە تسوی وی، باڵیۆزی چین لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و سەرۆک بارزانی، هۆکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی خستە ڕوو و ڕایگەیاند کە نیەتی چارەکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەبیندرێت و بە دەرفەتێکی باشی لەقەڵەم دا بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە نیشتیمانیەکان.

هەر لەو دیدارەدا، باڵیۆزی چین خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا نیشان دا و پشتیوانیی وڵاتەکەشی بۆ چارەکرانی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕاگەیاند. هەروەها خۆشحاڵیی خۆشی بۆ دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان دەربڕی.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی چین لە بوارە جیاجیاکان تەوەری تری ئەو کۆبوونەوەیە بوو.

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق
سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق

سەرۆک بارزانی لە بەغدا پێشوازیی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق دەکات

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ئیلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد. بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە: لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و بارودۆخی سیاسیی عێراق تاوتوێ کرا و سەرۆک بارزانی هۆکار و پاڵنەرەکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و دیداری لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق و بوونی نییەتی چارەکردنی کێشەکان بۆ شاندی میوان خستە ڕوو.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق ڕایگەیاند وڵاتەکەی حەز بە سەقامگیریی عێراق و باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ دەکات.

لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا تیشک خرایە سەر گۆڕان و پەرەسەندنە هەرێمایەتییەکان و ئەو هەڕەشانەی لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکرێن.

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق
سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا کۆبوونەوە

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیڤن هیتچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا، سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژە بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ لە ساڵانی ڕابردوو هۆکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان شیکردەوە.

لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ ڕاگەیاند و ئەوەشی باس کرد کە بەریتانیا، لە هەموو دۆخێکدا بە بایەخەوە سەیری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بە تایبەت لەبارەی بابەتە ئابوورییەکان و هەڕەشەی تیرۆر و دیاردەی کۆچ.

جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و هەڵبژاردنەکانی هەرێم و بابەتی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان چەند تەوەری تری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی فەرەنسا
سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی فەرەنسا

سەرۆک بارزانی لە بەغدا پێشوازیی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەکات

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاتریک دوریل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە کێشە و گرفتە سیاسیەکانی عێراق، هۆکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و دیداری لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق شیکردەوە.

هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، بە بایەخەوە باسی سەردانی سەرۆک بارزانی کرد بۆ بەغدا و پێشوازیشی لە دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێم کرد و ڕایگەیاند وڵاتەکەی پشتیوانیی لە باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ دەکات.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا و پەرەسەندنە هەرێمایەتییەکان تەوەری دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە بوون.

سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆ بووەوە

لە ماڵی عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆ بووەوە و چەند پرسێکی گرنگیان تاوتوێ کرد.

ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بەشێک لە سەرکردەکانی عێراق، گفتوگۆ لەبارەی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر کرا، هاوکات جەخت لە چارەی سەرجەم کیشەکان کرایەوە.