سەرۆک بارزانی: پێویستە دیالۆگ ببێتە بنەمایەکی جێگیر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

سەرۆک بارزانی بە پێویستی دەزانێت، دیالۆگ ببێتە بنەمایەکی جێگیر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.
بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە 4ی تەمموزی 2024، لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی بە وەکالەتی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانیدا هاتووە، سەرۆکی بە وەکالەتی پەرلەمانی عێراق پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی و پێگەی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هەبوو و هیوای خواست بوونی سەرۆک بارزانی یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەربوونی کێشەکانی عێراق.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی "جەختی لە بوونی نیازپاکیی لایەنەکان کردە و بە پێویستی زانی کە دیالۆگ ببێتە بنەمایەکی جێگیر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بابەتی دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و چەند پرسێکی تری تایبەت بە پارێزگاکانی عێراق تاوتوێ کران.
کۆبوونەوەکانی داهاتووی سەرۆک بارزانی
بە گوێرەی کارنەمەی سەردانەکەی، دوای تەواوبوونی کۆبوونەکەی لەگەڵ موحسین مەندەلاوی، سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەم بەرپرسە سیاسییانە لە بەغدا کۆ دەبێتەوە:
- لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق.
- خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە.
- محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدوم
- باڵیۆزانی وڵاتە عەرەبییەکانی لە بەغدا
- محەممەد کازم، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا
- ئەنیل بۆرا، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا
- ئەسعەد عەیدانی، پارێزگاری بەسرە
سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا
کاتژمێر 11:20 خولەکی پێشنیوەڕۆی چوارشەممە، 3ـی تەمموزی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی، بە یاوەری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد تەمیم و فوئاد حوسێن، جێگرانی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسە حکوومی و سیاسیەکانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.
لە ڕۆژی یەکەمی سەردانەکەیدا، سەرۆک بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کۆ بووەوە. هەمان ڕۆژ سەرۆک بارزانی بەشداریی کرد لە دوو کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و چوارچێوەی هەماهەنگی.
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق
بارودۆخی سیاسیی ناوخۆیی و هەرێمی؛ پرسی بوونی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق، بابەتی نەوت، بودجە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پەرلەمان، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە؛ تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی بوون لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق.
سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکانیدا خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق و ڕایگەیاند، "ئێستە کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراق هاتووەتە ئارا کە دەکرێت دەرفەتێکی باش بێت بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەمەڕ ئاستەنگەکان و چارەکردنی کێشەکان".
سەرۆک بارزانی "هێماشی بە مێژووی هاوبەشی لایەنەکان دا لە خەبات لەدژی دیکتاتۆریەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستوور و جەختی لەوە کردەوە، دەستوور بنەمایەکی بەهێزە بۆ هەموو لایەک کە بەسەر کێشە و کۆسپەکاندا سەربکەوین".