چواس حەسەن: سەرۆک بارزانی لە چارەکردنی گرفتەکان دادپەروەرە
چواس حەسەن ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان دەڵێ: لەم سەردانەی بەغدا سەرۆک بارزانی، هەر بەتەنیا نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان ناکات، بەڵکو بۆ چارەکردنی ئەو کێشانەی بەرۆکی پرۆسەی سیاسیی عێراقیان گرتووە، نوێنەرایەتیی هەموو عێراقییەکان دەکات.
دکتۆر چواس حەسەن ئەکادیمیست و ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان دەڵێ: کورد، ڕۆڵێکی سەرەکی لە عێراقدا هەیە و ئەم پێگەیەی کورد بە درێژایی دەیەی شەستەکان و تاوەکوو هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە شۆڕش و شاخ ڕۆڵ و پێگەی خۆی هەبووە لە نەخشەی سیاسیی عێراق، جا لە ڕووی ڕێکخستنەوە یان سەقامگیری بێت، بە تایبەت لە مەلا مستەفای بارزانییەوە تاوەکوو ئیستاش سەرۆک بارزانی ئەم پێگەیەی کورد هەر بەردەوامە.
گوتیشی: دوای 2003 و شەڕی ئازادیی عێراق، ڕۆڵی کورد و سەرۆک بارزانی بە تایبەتی لە ڕێکخستنەوە و دامەزراندنەوەی عێراق نوێ کاریگەر و دیار بوو، ئێستاش ئەم سەردانەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دەرخەری ئەوەیە کە عێراق دیسانەوە پێویستی بە ڕێکخستنەوە هەیە، جا بەهۆی کێشە و ململانێ ناوخۆییەکان یان هەژموونە هەرێمی و دەرەکییەکانەوە بێت، چونکە ئێستا عێراق لە دۆخێکی خراپە.
چواس حەسەن، بڕوای وایە کێشەکانی عێراق بەسەر دوو ئاست دابەش بوون و دەڵێ: یەکەمیان ئەو کێشە و گرفتە هەنووکەییانەیە کە دەبێت چارە بکرێن، بەشێکی پەیوەندی بە سوننەکانەوە هەیە، هەندێکیشی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە، بەشێکیشی پەیوەستە بەجێبەجێ نەکردنی دەستووری عێراق لە 20 ساڵی ڕابردوودا کە هەرسێ پایەکەی دامەزراندنی عێراق نوێ (هاوبەشی، ڕێککەوتن، هاوسەنگی) جێبەجێ نەکراوە.
دەشڵێت: دەکرێت ئەم سەردانەی سەرۆک بارزانی، بەقۆناغێکی نوێی ڕێکخستنەوەی عێراق هەژمار بکرێت بۆ ئەوەی عێراق لە تەنگژە سیاسیەی تێی کەوتووە ڕزگار بکرێت، چونکە عێراق لە 10 ساڵی ڕابردوو بە دیاریکراوی لە 2014ـەوە تاوەکوو ئێستا لە کێشەدایە؛ جیا لە شەڕی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی داعش، پرسی مافی پێکهاتەکان لەوانە کورد و سوننەکان لە عێراق لە کێشە و گرفتدا بووە. هەروەها لە ناوخۆی شیعەش خۆپیشاندانەکانی 2019 ئاماژەیەکە بۆ کێشە و ململانێ سیاسییەکان لە عێراق کە پرۆسەی سیاسیی و حوکمڕانی لە عێراق، پێویستی بە پێداچوونەوە و چارەکردنی کێشەکانە، چونکە هەڵکەوتەی جوگرافیای عێراق لە ڕووی هێزەوە کاریگەری لەسەر ناوچەکە هەیە، بە تایبەت لەسەر وڵاتانی هەرێمی.
دکتۆر چواس حەسەن ئەکادیمیست و ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: سەرۆک بارزانی هەر لە سەرەتاوە دوو ڕۆڵی گرنگی هەیە، لە پاڵ شۆڕش و خەبات بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان، خەباتی بۆ بەدیموکراسی کردنی عێراقیش کردووە. چونکە کەسایەتییەکی حەکیم و وردبین و دووربینە بۆ دیاریکردن و چارەکردنی کێشەکان؛ هەروەها، لە پێشنازی چارەکردنی کێشەکانیش دادپەروەرە. سەرۆک بارزانی ئێستا نەک هەر بۆ کورد، بەڵکو بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت بۆ چارەکردنی ئەو کێشانەی بەرۆکی پرۆسەی سیاسیی عێراقیان گرتووە.
دوێنێ چوارشەممە، 03-07-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی بە یاوەری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد ئەلتەمیم و فواد حوسێن، جێگرانی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسە حکوومی و سیاسیەکانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.
ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک بارزانی دەکات بۆ بەغدا پێک دێت لە: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەرەفات کەرەم ستوونی، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی؛ ئازاد بەرواری و هێمن هەورامی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و لە شاری بەغدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و سیاسییەکانی عێراق دەکات و دیداری لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکان دەبێت.