كهركووكییهكان به سهردانی سهرۆك بارزانی بۆ بهغدا گهشبینن
هاووڵاتییانی کەرکووک و لایەنە سیاسییەکان بە ئومێدەوە لە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دەڕوانن و داوادەکەن هەمووان پشتگیر و پاڵپشتیی هەنگاوەکانی سەرۆک بارزانی بن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان.
هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک بە هیواوە لە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دەڕوانن. پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک، جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور و ئاساییکردنەوەدۆخی شارەکە؛ لە داواکارییە سەرەکییەکانییانن .
خالید قادر، دانیشتووی کوردی كەركووك لەبارەی سەردانەکەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "داواکاریی سەرەکیمان لە سەرۆک بارزانی، جێبەجێکردنی ماددەی 140 و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانە".
هاووڵاتیی عیماد محەممەد، جەختی کردەوە، کوردانی هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستان پشت بە هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دەبەستن بۆ چارەکردنی کێشەکان، بۆیە "پێویستە سەرۆک بارزانی بکرێتە مەرجەعی هەموومان".
هێمن بیرەسپانی، مامۆستای ئایینی کەرکووک لەوبارەوە گوتی، "سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بەرز دەنرخێنین، چونکە بۆ دەستەبەرکردنی مووچە و مافەکانی دیکەی خەڵکی هەرێمی کوردستان چووە و دڵنیاین لەوبارەوە درێغی ناکات".
دەیان کێشەی هەڵپەسێردراوی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەبێ چارە ماونەتەوە. گفتوگۆکان بە ئاراستەی چارەکردنن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەمبارەیەوە لە ئارادایە.
حەسەن شێخانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "هیوادارم سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا زۆرینەی ئەو کێشانە چارە بکات کە بە هەڵپەسێردراوی لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ماونەتەوە".
ڕۆژی چوارشەممە، 03-07-2024، دوای شەش ساڵ، سەرۆک بارزانی بە کۆمەڵێک پلان و بەرنامەوە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە سیاسی و بڕیار بەدەستەکانی عێراق کۆ بووە.
کەرکووک، هەموو کاتێک لە ئەجێندای سەرۆک بارزانیدا لە پێشینەی دۆسیەکانی دیکە بووە، چاوەڕێش دەکرێت لە سەردانەکەی ئەمجارەی بۆ بەغدا، گفتوگۆی گەرموگوڕ بۆ چارەکردنی کێشەکانی ئەمشارە دەکات.