چەند مامۆستایەکی زانکۆ مێژووی هەولێر دەنووسنەوە
چەند مامۆستایەکی زانکۆ کتێبێک لەسەر سروشتی ژیان و داب و نه‌ریت و شوێنه‌واره‌كانی شاری هه‌ولێر دەنووسن و پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، ئه‌م كتێبه بۆ نووسینەوەی مێژووی شارێكی زیندووی وه‌ك هه‌ولێر، گرنگترین بەڵگەنامەی ماددیه.
پێنجشه‌ممه 4ـی تەممووزی 2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، لەگەڵ ژمارەیەک له مامۆستایانی زانكۆ کۆبووەوە كه به‌شێوه‌یه‌كی ده‌سته‌جه‌معی سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی دیكۆمێنت و سه‌رچاوه‌ی زانستی مێژوویین له‌سه‌ر سروشتی ژیان و داب و نه‌ریت و شوێنه‌واره‌كانی شاری هه‌ولێر.
بەپێی ڕاگەیاندراوی پاریزگای هەولێر، لەو کۆبوونەوەیەدا پارێزگاری هه‌ولێر سوپاسی مامۆستایانی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستانی كرد كه ئه‌ركێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌یان خستۆته ئه‌ستۆی خۆیان، چونكه هه‌ولێر خاوەن مێژوویەكی هەزاران ساڵه‌یە و چەندین شارستانییەت لەو شارە بوونی هەبووەو چین و توێژ و گروپه‌كان قەڵەمڕەویان لەو شارە به‌رجه‌سته كردووه، گوتیشی، هه‌ولێر لەئێستادا خودانی سه‌دان شوێنه‌واری كۆنی پارێزراون، لەوانە قەڵای هەولێرو گردی قالینچ ئاغا و كلك مشك و ده‌یان شوێن و شوێنه‌واری دیكه .
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، جه‌ختی كرده‌وه كه‌وا هەرێمی کوردستان به‌گشتیی و شاری هه‌ولێر به تایبه‌تی یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی جیهان لەڕووی مێژوو و شوێنەوارەوە، کۆنترین مرۆڤ و كۆنترین گوندی کشتوکاڵی جیهان، هەروەها کۆنترین شاری شارستانیش کە هێشتا ژیانی تیادا بەردەوام بێت لە هەرێمی کوردستان و شاری هه‌ولێره، بەڵام هێشتا نەتواندراوە و وەک پێویست سوود لەو هەموو شوێنەوارە گرنگە مێژووییە وەربگیرێت بۆ ڕاکێشانی گەشتیار و پەرەپێدان بە کەرتی گەشتوگوزار، بۆیه بۆ نووسینەوەی مێژووی شارێكی زیندووی وه‌ك هه‌ولێر، ئه‌م كتێبه گرنگترین بەڵگەنامەی ماددیه كه ببێته سەرچاوەی سەرەکی تۆماركردن و ناساندنی ئه‌و مێژووه ده‌وڵه‌مه‌نده، گوتی، ئه‌و كاره‌ی ئێوه‌ش به‌شێكه له‌و ئه‌ركه پیرۆزه.
دواتر مامۆستایانی زانكۆی به‌شدابوو له ئاماده كردنی ئه‌و كتێبه مێژووییه دیكۆمێنتاریهی سه‌ر شاری هه‌ولێر، هه‌ریه‌كه‌یان به‌سه‌رنج و تێبینی و زانیارییه‌كانیان گفتوگۆ‌و بیروڕایان له‌گه‌ڵ پارێزگاری هه‌ولێر ئاڵوگۆڕكرد.