سێ پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە سنووری قوشتەپە داخران
ئەو پاڵاوگانەی نایاسایین و بەرهەمهێنانیان نازانستییە، لە سنووری قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر دادەخرێن، قایمقامی قەزای قوشتەپە دەڵێت، سێ پاڵاوگەمان داخست و هەفتەی داهاتوو هەڵمەتەکە فراوانتر دەکەین، فەرمانگەی ژینگەی هەولێریش دەڵێت، ئەو پاڵاوگانە کاریگەریی خراپیان لەسەر ژینگەی شارەکە دروست کردووە.
پێنجشەممە (4ـی تەممووزی 2024)،بژار مەلا خدر، قایمقامی قەزای قوشتەپە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی ژینگەی ناوچەکە، هەروەها ڕێگریی کردن لە بۆنی بێزارکەر و ناخۆشی پاڵاوگەکان کە گلەیی و سکاڵای هاووڵاتییانی بەدواداهات، بۆیە ئەمڕۆ لە هەڵمەتێکدا بەهاوکاریی بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی هەولێر و هێزە ئەمنییەکانی قەزای قوشتەپە و نوێنەری قایمقامیەتی قەزای قوشتەپە، سێ پاڵاوگەمان لە سنووری قەزای قوشتەپە داخست، دەشڵێت، ئەو هەڵمەتە بەردەوامی دەبێت و لە هەفتەی دادێت هەڵمەتێکی فراوانتر دەستپێدەکەین بە پاڵپشتیی پارێزگای هەولێر.
فەرمانگەى ژینگەى هەولێر بڵاوی کردەوە، لێژنەی چاودێریی و بەدواداچونی پڕۆژە پیشەسازییەکانی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، بە هەمەهانگی لەگەڵ قایمقامیەتی قەزا و ئاسایشی قوشتەپە، ئەو پاڵاوتگانەیان لە سنوری قوشتەپە داخست کە بە نایاسایی کار دەکەن و پڕۆسەی بەرهەمهێنانیان نازانستیانەیە.
فەرمانگەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو پاڵاوگانە کاریگەریی خراپیان لەسەر ژینگەی شاری هەولێر هەبووە، دەشڵێت، هەڵمەتی داخستنی پاڵاوگەکان بەردەوام دەبێت تاکو میکانیزمێکی هەمیشەیی دەدۆزرێتەوە بۆ پابەند بوونیان بە ڕێنماییە ژینگەییەکان و مەرجەکانی دامەزراندنیان بە گوێرەی پێوەرەکانی (EURO4) کە یەکێک بووە لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.