سکۆردیا جیهانێکی لە میوزیکی کوردی و نەمسایی لە گڕاتس دروست کرد

گروپی میوزیکی "سکۆردیا"، کە هونەرمەندی بە ئەزموونی کورد "ڕزگار خۆشناو" ڕابەرایەتیی دەکات و تا ئێستە لە وڵاتانی ئەورووپا، بەشداریی لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی میوزیک کردووە؛ لە چالاکیی هونەری ئەمساڵیاندا کۆنسێرتێکی میوزیک و گۆرانییان لە شاری گڕاتسی نەمسادا بە تێکەڵ کردنی گۆرانییە کوردیی و نەمساییەکان، ساز کرد.

کۆنسێرتەکە، بە بەشداریی میوزیسنە کورد و بیانیەکانی نێو گرووپەکە پێشکەش کرا، کاڤۆکی کوردی و چەند بەرهەمێکی تر بوون بە سەرنجی ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە و بڕیاردرا بە دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ میوزیکی کوردی و نەمسایی.

هونەرمەند "ڕزگار خۆشناو" لە بارەی کۆنسێرتەکەیانەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سکۆردیا" تەنیا گروپێکی میوزیک نییە لەم وڵاتە، بەڵکو بووەتە بەشێک لە شارستانیەتی نەمساییەکان و لە تەواوی بۆنە هونەریی و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا بە میوزیک بەشدار دەبێت.

ئەو هونەرمەندە دەشڵێت: "کۆنسێرتەکە دوای ئەوەهات، کە پار بەشێوەیەکی ئەکادیمی کارێکی ناوازەمان پێشکەش کرد، بۆیه ئەمساڵ بڕیار درا بە دیاریکردنی ڕۆژێکی تایبەت بە میوزیکی کوردی و نەمسایی و بەڕێوەچوونی زنجیرەیەک چالاکیی هونەری لەم وڵاتەدا، بەتایبەت کۆنسێرت، کە هونەردۆستانی نەمسا زۆر حەز بە گۆرانی و ئاوازە کوردییەکان دەکەن؛ بۆیە ئێمەش لەم گروپەدا هەوڵمان داوە تێهەڵکێشێک  لە نێو هونەری هەردوولادا بکەین و بە جوانترین شێوە خزمەت بە هونەرەکەمان بکەین.