800 گوڵ لە ناوەندە شەقامێکی هەولێر دەچێندرێت
لەپێناو جوانترکردنی شەقام و شوێنە گشتییەکان، ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بەپێی پلان و نەخشەی داڕێژراوی، هەولێر پڕ لە گوڵ و سەوزایی دەکات.
پارێزگای هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، بـەمەستی پێدانی سیمایەکی جوان بە شەقامەکان و زیاترکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر، تیمى ئەندازەی پارکەکان لە هەولێر، 800 گـوڵی لـە شـەقامى بەردەم سەرۆکایەتى شارەوانى چاند.
پێشتر پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە، لە هەولێر پرۆژەیەک جێبەجێکراوە کە ئاوی ماڵان پاک دەکاتەوە و دووبارە بۆ ئاودێرکردنی پارک و باخچەکان بەکار دەهێندرێتەوە، بڕیاریشە دووەم پڕۆژەی هاوشێوە لە پارکی سامی عەبدولرەحمان جێبەجێ بکرێت.
لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە، ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر پرۆژەیەک لەلایەن رێکخراوی هەسار بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم و بە پاڵپشتی دارایی رێکخراوی یونسێف جێبەجێکراوە کە ئاوی ماڵان وەردەگرێت و لە ڕێگەی وێستگەیەک پاک دەکرێتەوە و بۆ پارک و باخچەکان بەکاردەهێندرێتەوە.
لەو پرۆژەیەدا، 300 هەزار داری چێندراو بەو ئاوە دێراو دەکرێت، دارەکانیش هەندێک تەمەنیان ساڵێکە و هەندێکیش تەمەنیان دوو ساڵە.
بەگوێرەی زانیارییەکانیش، بڕیارە پڕۆژەیەکی دیکەی هاوشێوە جێبەجێ بکرێت بە سوودوەرگرتن لە ئاوی کەندی هەولێر، دوای پاککردنەوەی، بۆ ئاودێرکردنی پارکی سامی عەبدولرەحمان بەکاردەهێندرێتەوە.
هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ ئەو مەبەستە وێستگەیەک دادەنرێت و لەو ڕێگەیەوە ئاوی ماڵان و شوێنەکان پاک دەکرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هەنگاوێکی تاقیکاری بۆ ئەوەی بتواندرێت بە قۆناغ لە هەموو هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.
ئەم پرۆژەیەش بەشێکە لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و پاکڕاگرتنی ژینگە و ڕووبەرووبوونەوەی کێشەی کەمئاوی کە بەهۆی وشکەساڵییەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا کێشە لە ئاودانی هەندێک لە باخچە و پارکەکان دروستبوو.
