گەشتوگوزاری کوردستان و عێراق ئاسانکاریی بۆ جموجۆڵی گەشتیارانی بیانی دەکەن

دەستەکانی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و عێراق
دەستەکانی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و عێراق

 

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و دەستەی گەشتوگوزاری عێراقی ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی چاودێریی کۆمپانیا گەشتیارییەکان بکەن و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کۆمپانیا نافەرمی و وەهمیانەی کە لە دەرەوەی ڕێنماییەکان کاردەکەن و کاریگەری نەرێیان کردۆتە سەر کەرتی گەشتیاریی، وەربگرن.

چوارشەممە10ـی تەممووزی 2024، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لەگەڵ مەهدی غەسبان عەنب، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی بنکە گەشتیارییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی فیدراڵ و شاندی یاوەری کۆ بووەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی دەستەی گشتی گەشتوگوزار، لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی فرۆکەوانی و گەشتیاری و نوێنەرانی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار و حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ یەکێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی عێراق ئامادەی بوون، جەختکرایەوە سەر کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی زیاتر.

بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی کاروباری کۆمپانیا گەشتیارییەکانیش، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی چاودێریکردنی کۆمپانیا گەشتیارییەکان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کۆمپانیا نافەرمی و وەهمیانەی لە دەرەوەی ڕێنماییەکان کاردەکەن و کاریگەری نەرێیان کردووەتە سەر کەرتی گەشتیاریی، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا باجێک دروست بکرێت بۆ کۆمپانیا تۆمارکراوەکان، بۆ ئەوەی جیابکرێنەوە لە کۆمپانیا نا یاساییەکان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دا، بۆ زیادکردنی ژمارەی گەشتیارانی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، گفتوگۆکرا سەبارەت بە دانانی میکانیزمێکی هاوبەش بە مەبەستی ئاسانکاریی بۆ جموجۆڵی گەشتیارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

دەستەی گشتیی گەشتوگوزار ئاشکرای کردووە، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە چالاکییەکان و نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم پێشخستنی کەرتی گەشتیاری، بڕیار بۆ دروستکردنی ژووری هەماهەنگیی لە هەردوو دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و پێکهێنانی لیژنەی هەماهەنگیی هاوبەش درا.

Fly Erbil Advertisment