پێشانگەی هاوینەی شنۆ بینەری لە کڕیار زیاترە

بە بەشداریی زیاتر لە سەد کاسبکار لە شارەکانی سنووری پارێزگای ورمێ، پێشانگەی هاوینە بۆ خواردن و کەلوپەل و پێداویستییەکانی نێو ماڵ، لە شاری شنۆ کرایەوە، بەڵام فرۆشیاران بەهۆی قەیرانی دارایی و هەڵاوسانەوە عەوداڵی کڕیارانن.
ئەمە یەکەمین پێشانگەی هاوینەیە لە شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتەوە و کاسبکارانی ناوچەی موکریان بەرهەمەکانیان نمایش کردووە.
پێشانگەکە، کەلوپەل و پێداویستی هەمەڕەنگ و جۆری لەخۆ گرتووە و بە چەند بەشێکی جیاواز دابەش بوونە. ئەوانەی تایبەتن بە خواردن، شیرینەمەنی و نان و میوە لەخۆ دەگرێ، بەشی کەلوپەلی ناوماڵیش شووشەوات و قاپ و قاچاغ و چەند پێداویستییەکی دیکەی جوانکاری تێدا نمایشکراوە، هەروەها جلوبەرگ و پێلاویشیان داناوە لە هەموو بەشەکانیش داشکاندنێکی زۆر کراوە و نرخەکان کەمترە لەو نرخەی لە بازاڕەکان هەیە، کەچی بەم حاڵەشەوە هاووڵاتییان توانای کڕینیان نییە.

یوسف دەشتی، یەكێکە لە دوکاندارەکان ورمێ و لە پێشانگەکە بەشدارە دەڵێت "ئێمە لەم پێشانگەیەدا نزخەکانمان زۆر دابەزاندووە، بەڵام بە داخەوە بەهۆی ئەم هەڵاوسانەی لە سەرتاسەری ئێران هەیە، زۆربەی ئەو هاووڵاتییانەی دێنە پێشانگەکە توانای کڕینیان زۆر لاوازە و ناچار بە دەستی بەتاڵ دەچنەوە و ناتوانن هیچ داواکارییەکی خێزانەکانی جێبەجێ بکەن، هیوادارم ڕۆژێک بێت و دۆخی دارایی هاووڵاتییان باش بێتەوە هیچ کەسێک بۆ کڕینی پێداویستییەکانی شەرمەزاری خانەوادەکەی نەبێت".
هەر لە یەکەم ڕۆژی کرانەوەی پێشانگەکەوە ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان سەردانی دەکەن، بەڵام زۆربەیان هەر سەیری کەلوپەلەکان دەکەن و بە دەگمەن دەتوانن شتێک بکڕن. کاسبکاران دەڵێن، گرانی و هەڵاوسان بە ڕادەیەک زۆرە تا کەلوپەلەکانی ئێستایان دەفرۆشن، دەبێ بە نرخێکی زۆر گرانتر لە پێشوو کەلوپەلی نوێ بکڕنەوە.

لەمبارەوە ڕەحمان محەممەدی، کاسبکارێکی بۆکانە و بەشداری پێشانگەکە بووە دەڵێت "ئەم هەڵاوسانەی هەیە کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لە ژیانی تاک بە تاکی هاووڵاتییان هەیە، وای لێ هاتووە هەر کارێک بکەین نەتوانین بە گوێرەی پێسویست ژیان و بژێوی ڕێک بخەینەوە، هەر کەلوپەلێک ئەمڕۆ بفرۆشینەوە سبەی دەبێ بە گرانتر بیکڕینەوە، دۆخەکە گەیشتووەتە حاڵەتێک خەڵکی خوانی سەر سفرەکانیشیان بچووک و کەمتر بووەتەوە و داهاتووشمان ناڕوونە".
گرانی و هەژاری و هەڵاوسان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر لە پەرەسەندندان و هاووڵاتییان ناچارن ئەو داهاتەی هەیانە، بۆ پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان وەک خواردەمەنی و کرێی خانوو و پارەی ئاو و کارەبا تەرخانی بکەن، ئیتر پارەیەک بۆ کڕینی پێداویستی دیکە نامێنێتەوە.