حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە ئیدارەی سۆران تۆمار کرا

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، پیاوێک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تووشیی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بووە، ئەو پیاوە بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵدا هەبووە.
دکتۆر سەرکار سورچی ، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پیاوێکی تەمەن 55 ساڵ کە خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و لە ماڵەوە ئاژەڵیان هەبووە و بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵەکان هەبووە، تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بووە و ئێستە لە شاری هەولێر چارەی پزیشکی وەردەگرێت و دۆخی تەندروستی جێگیرە .
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە هەشتەمین حاڵەتی تای خوێنبەربوونە لەم ساڵدا کە لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت .