عێراق.. نزیكهی 200 حاڵهتی توندوتیژیی خێزانی له دوو مانگی ڕابردوودا تۆمار كراوه

پۆلیسی كۆمهڵگهیی عێراق ئاماژه به ئامارهكانی كهیسهكانی تایبهت به شهڕپێفرۆشتن و توندوتیژیی خێزانی له دوو مانگی ڕابردووی پارێزگاكان دهكات و ڕایدهگهیهنێت، نزیكهی 200 حاڵهتی توندوتیژیی خێزانی لهو ماوهیهدا تۆمار كراون.
ڕۆژی پێنجشهممه 11ـی تهممووزی 2024، پۆلیسی كۆمهڵگهیی عێراق ئامارهكانی كهیسهكانی تایبهت به شهڕپێفرۆشتن و توندوتیژیی خێزانی له ههردوو مانگی ئایار و حوزهیرانی پارێزگاكان بڵاو كردهوه و ڕایگهیاند، 190 حاڵهتی توندوتیژیی خێزانی و 181 شهڕپێفرۆشتنی ئهلیكترۆنی لهو ماوهیهدا تۆمار كراون.
پۆلیسی كۆمهڵگهیی عێراق ڕوونیشی كردووهتهوه، ههر له ماوهی ئهو دوو مانگهدا توانیویانه 22 پیاو و ئافرهت كه ڕووبهڕووی شهڕپێفرۆشتنی ئهلیكترۆنی و توندوتیژیی خێزانی بوونهتهوه و ماڵهوهیان به جێ هێشتووه، بیانگهڕێننهوه ماڵهكانیان.
ڕۆژی 11ـی حوزهیرانی 2024، نەدا كەعبی، شرۆڤەکاری سیاسی، بە کوردستان24ـی گوت، بابەتی توندوتیژیی خێزانی کێشەیەکی گەورەیە و ئامارەکانیش ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدان، جیا لەوەش جیابوونەوەی هاوسەرانیش لە زیادبووندایە.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، گوتیشی: بابەتی توندوتیژی خێزانی لە کۆمەڵگەی عێراقیدا بابەتێکی زۆر ڕوون و ئاشکرایە، تاوەکو ئێستا چارەی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
لەبارەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان، نەدا كەعبی، گوتی: یاساکە بۆ پەرلەمانی عێراق پێشنیاز کرا و خوێندنەوەشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە دەنگی پێ نەدرا.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق هەنگاوی باشی ناوە بە تایبەت لە گەشەپێدانی مرۆیی، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئافرەت بوو.
گوتیشی: حکوومەتی عێراق ئاوڕێکی جیددی لەو پرسە نەداوەتەوە و هەماهەنگ نییە لەوەی ئەو کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارە بکات.
کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر کاریگەری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و پچڕانی بەردەوامی کارەبا لەسەر توندوتیژیی خێزانی بەتایبەت لە وەزری ھاویندا ئاشکرا كرد و بەپێی لێكۆڵینەوەكە بەھۆی گەرما و نەبوونی كارەباوە توندوتیژی خێزانی بەڕێژەی لە 30% زیاد دەكات.
سەڵاح مەهدی، بەڕێوەبەری دەستەی مافی مرۆڤی دیالە، ڕایگەیاند، مانگەکانی حوزەیران، تەمموز و ئاب لەنێو ئەو مانگانەدان کە پلەی گەرمی دەگاتە لووتکە، لەگەڵ پچڕانی کارەبا و بەگشتی كێشەی تەكنیكی، وا دەکات ماڵەکان لە فڕن بچێت.
بەپێی لێكۆلینەوەكەی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق بێت، لەم ھاوینەدا پێشبینی تۆماركردنی ژمارەیەكی زیاتری سکاڵای تووندوتیژیی خێزانی دەكرێت. لەكاتێكدا لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 13 هەزار و 857 هەزار سکاڵای تووندوتیژیی خێزانی پێشکەش کراون. ئەمە بەپێی ئامارێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، واتە بە تێکڕا مانگانە 2 هەزار و 771 سکاڵا، رۆژانە 91 سکاڵا تۆمار کراون. لە كاتێكدا ساڵی 2023 زیاتر لە 18 ھەزار و 400 حاڵەتی توندوتیژی تۆماركرابوون واتە مانگانە ھەزار و 536 حاڵەت ئەمەش زیادبوونی حاڵەتەكان بەڕێژەی 80% نیشان دەدات.
گەرمبوونی کەشوهەوا کاریگەریی جیددی و کوشندە لەسەر تەندروستیی گشتیی و باری دەروونیی مرۆڤەکان جێدەھێڵێت و زۆربەی قوربانیانی توندوتیژیش کە بەهۆی ئەم دۆخەوە دروست دەبێت، وەک هەمیشە ئافرهتانن.