گەشتوگوزاری کوردستان و عێراق چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەکی هاوبەش دەردەکەن

هەردوو دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆ بەرژەوەندی گەشتیاران چەند بڕیارێکی هاوبەشیان دەرکرد، دەشڵێن: ئەو بڕیارانە کاری کۆمپانیاکانی گەشتیاریش ڕێک دەخات.
پێنجشەممە 11ـی تەممووزی 2024، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕی بیرورا و گفتوگۆی چڕ لە چەند کۆبوونەوەیەکی ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، هەردوو دەستەی گەشتوگوزاری کوردستان و عێراق گەیشتنە چەند ڕاسپاردەو بڕیارێکی هاوبەش لە پێناو بەرژەندی گشتی و بە تایبەت گەشتیاران، لەوانەش ڕێکخستنەوەی کاری کۆمپانیا گەشتیارییەکان و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کۆمپانیا نافەرمی و وەهمیانەی کە لە دەرەوەی رێنماییەکان کاردەکەن و کاریگەری نەرێنیان کردووەتە سەر کەرتی گەشتیاریی، هەروەها دروستکردنی ژووری هەماهەنگیی لە هەردوو دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ بەدواداچوونی کارووباری گەشتیاریی و چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی دێنە پێش.
دەستەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، داننان بە مۆڵەتی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و بە پێچەوانەوەش، لەگەڵ دانانی رێبەری گەشتیاریی لەگەڵ گرووپی گەشتیاریی، بەشێکی دیکەی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەردوولا بووە.