لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا-هەولێر بەشی ڕاوێژکاری منداڵان کرایەوە

ئەمڕۆ هەینی، 12ـی تەمموزی 2024، ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا-هەولێر خرایه خزمەت منداڵان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی پاڵەپەستۆیەکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەی ڕاپەرین بۆ نەخۆشیەکانی منداڵان، لە پێناوی چارەسەرکردنی منداڵە خنجیلانەکان و  بێ بەش نەبوونیان لە خزمەتگوزاریی پزیشکی تەندروستی، توانرا بەشی ڕاوێژکاری منداڵان بە چەند پزیشکێکی پسپۆر لە بواری نەخۆشیەکانی منداڵان بکرێتەوە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا-هەولێر.

هەروەها لە ماوەیەکی نزیکدا لە پلاندایە کاتەکانی دیکەش ئێوارە و شەو ئەم خزمەتگوزاریە بخرێتە خزمەت بۆ چارەسەری منداڵان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر ڕاشیگەیاند، لێرەدا بە پێویستی دەزانین دەست خۆشی لە بەڕێوەبەر و ستافی کارگێڕی نەخۆشخانە و دکتۆرە پسپۆرەکان بکەین کە بە پەرۆشەوە لە هەوڵدابوون بۆ فەراهەمکردنی ئەم خزمەتگوزاریە.