هیندییەکان زۆرینەی پاشەکەوتەکانیان لە ئاهەنگی زەماوەنددا خەرج دەکەن

هەموو چاوەکان لەسەر مومبای پایتەختی هیندستانە، لەبەر ئەوەی ئاهەنگی پێش زەماوەندی کوڕی دەوڵەمەندترین پیاوی ئاسیا، موکیش ئەمبانی سەرۆکی کۆمپانیای ڕیلاینس ئیندستریز بەڕێوە دەچێت.
ئەستێرەکانی بۆلیوودیش بەشدارییان لە ئاهەنگەکە کردووە، وەک ئەمیتاب باچان، شارۆخان، دیپیکا پادوکۆن، عامرخان و سەلمان خان، هەروەها یاریزانە بەناوبانگەکانی کریکێت و ملیاردێرەکانی وەک بیل گەیتس و مارک زوکەربێرگ و ئەستێرە جیهانییەکانی وەک جەستن بیبەر و ڕیهانا و لەم ئاهەنگەدا بەشداربوون و سۆشیال مێدیا پڕ بوو لە وێنەی سەرنجڕاکێشی ئامادەبووان بە جل و بەرگی ڕەنگاوڕەنگ سەرنجڕاکێش.
ڕۆژی هەینی، هەمووان ئاهەنگ دەگێڕن بەبۆنەی زەماوەندی ئانانت ئەمبانی، کوڕە بچووکەکەی سەرۆکی کۆمپانیای ڕیلاینس ئیندستریز، موکیش ئەمبانی، لەگەڵ ڕادیکا میرچانت، کچی گەورە بازرگانی پیشەسازی دەرمان، ڤیرێن شیلا میرچانت.
گۆڤاری فۆربیس، سامانی تایبەتیی ئەمبانی بە نزیکەی 124 ملیار دۆلار مەزەندە دەکات، زاواش بەناوی ئانانت کە تەمەنی 29 ساڵە، پۆستێکی لە دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای ڕیلاینس ئیندستریزدا هەیە باس لەوە دەکرێت کە ئەمبانی لەگەڵ هاوڕێی بازرگانی هیندی گاوتام ئادانی، تەمەنی 29 ساڵە. نزیکە لە حکوومەتی سەرۆکوەزیران نارێندرا مودی، چونکە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەسەڵاتداران تۆمەتبار دەکەن بەوەی حکوومەت بە شێوەیەکی ناڕەوا لە بەرژەوەندی ئەو دوو کۆمپانیایەدا کار دەکەن، ئەو دوو بازرگانەش تۆمەتەکان ڕەت دەکەنەوە.
قسە و باسەکان لەسەر تێچووی زەماوەندەکە بڵاوبوونەتەوە، بەڵام خێزانە هیندییەکان کە لە ئایین و مەزهەب و فەرهەنگی جیاوازن، زۆرجار ئەم بۆنەیە دەقۆزنەوە بۆ نمایشکردنی سامان و پێگە و کاریگەری کۆمەڵایەتی خۆیان.
لە ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی کۆمپانیای جێفریز بۆ خزمەتگوزاری بانکی و وەبەرهێنان و پارەدارکردن هاتووە، ڕێکخستنی زەماوەند لە هیندستان بەهاکەی 130 ملیار دۆلارە، هەروەها چالاکییە ئابوورییە گەورەکان دەباتە پێشەوە، بەجۆرێک کە هەر هیندییەکی چینی مامناوەند دوو هێندە زیاتر خەرج دەکات لە کاتی زەماوەنددا.
ئاهەنگی زەماوەند لە هیندستان دووەم بازاڕی بەکاربەرە لە دوای بازرگانی خواردن و خواردنەوە کە بەهای 681 ملیار دۆلارە.
بازاڕی ئاهەنگی زەماوەند لە هیندستان دوو ئەوەندەی ئەمەریکایە کە بە 70 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت و کەمترە لە چین کە بە 170 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

ساڵانە لە هیندستان نزیکەی هەشت بۆ 10 ملیۆن ئاهەنگی زەماوەند دەکرێت، لەکاتێکدا لە چین حەوت بۆ هەشت ملیۆن و لە ئەمەریکاش دوو بۆ 2.5 ملیۆن ئاهەنگی زەماوەند دەکرێت.
مانیمیکالای، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی گەشەپێدانی ئافرەتان لە دەلهی دەڵێت: "لەکاتی ئاهەنگی زەماوەنددا، خێزانی بووک خەرجییەکان لە ئەستۆ دەگرن، هەر لە کڕینی زێڕ تاوەکو هەموو کەلوپەلەکان، بە ئامێری کارەبایی و کەلوپەلی ناوماڵیشەوە".
ئاماژەی بەوەش کرد، زەماوەند لە هیندستان "فێستیڤاڵی خێزانییە" کە بە مانای ڕێوڕەسم و زیادەڕۆیی دێت و خێزانە هیندییەکان ئەم بۆنەیە دەقۆزنەوە بۆ نمایشکردنی سامانەکانیان و پیشاندانی پێگەی خۆیان و نیشاندانی کاریگەریی خۆیان لەسەر کۆمەڵگا بە گشتی.
بە گوتەی مانیمێکالای، "خێزانە هیندییەکان قەرز بۆ ئاهەنگی زەماوەند وەردەگرن، ئەمەش بەشدارە لە دروستکردنی فشاری دارایی لەناو کۆمەڵگادا، زۆرێکیان ناچارن کە بچنە ئاهەنگی زەماوەندەکە، تەنانەت ئەگەر بە قەرزکردنی پارەش بێت".
لە ڕاپۆرتەکەی کۆمپانیای جێفریزدا هاتووە، ساڵانە هیندستان لە نێوان 35 بۆ 40 ملیار دۆلاری تەنها بۆ زێڕی زەماوەند خەرج دەکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەڵماس لە ئاهەنگی زەماوەندی دەوڵەمەندەکان باوە، بەڵام زێڕ لە ڕێوڕەسمی زەماوەندی خێزانە هەژارەکان یان چینی ناوەندەکاندا جێگەیەکی بەرچاوی هەیە.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، پێشبینی دەکرێت خواستی ساڵانە لەسەر زێڕ لە هیندستان بەرزبێتەوە کە بە دووەم گەورەترین بەکارهێنەری زێڕ دادەنرێت لە جیهاندا.
زێڕ کە خێزانی بووک دەیبەخشن بە زاوا، زۆرترین بەشی بودجەی زەماوەندەکە پێک دەهێنێت، دواتر خەرجییەکانی خواردن، کە ساڵانە دەگاتە 24 بۆ 26 ملیار دۆلار، ئەمە جگە لەوەی خەرجییەکانی جلوبەرگ، دیکۆرات، فۆتۆگرافی.