157 کۆچبەری نایاسایی لە خنکان ڕزگار کران
لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە کەناراوەکانی ئیزمیر و موغڵا لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا، 157 کۆچبەر لە خنکان ڕزگار کران کە بە نیازبوون بە قاچاخ و ڕێگەی نایاسایی بچنە یۆنان و لەوێشەوە بچنە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا.
هێزەکانی پاسەوانیی دەریایی تورکیا ڕایگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە "لە ئۆپراسیۆنێکدا توانیویانە 86 کۆچبەری نایاسایی لە سنوورە ئاوییەکانی هەردوو شارۆچکەی ئورڵا و دیکیلی سەربە پارێزگای ئیزمیر لە مەترسی خنکان ڕزگار بکەن کە 27یان منداڵن".
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەو کۆچبەرانەی ڕزگارکراون لەلایەن پاسەوانی دەریایی یۆنانەوە بە زۆر و بە ناچاریی بەرەو سنوورەکانی تورکیا گەڕێنراونەتەوە".
هەروەها ئاماژەی داوە "لە ئۆپراسیۆنێکی دیکەدا لە کەناراوەکانی شارۆچکەی داتچەی سەر بە پارێزگای موغڵا 71 کۆچبەری دیکە کە 11یان منداڵن لە ناوەڕاستی دەریا ڕزگار کراون".
هێزەکانی پاسەوانیی دەریایی تورکیا ڕاشیگەیاندووە "لە دوای ڕزگارکردنیان کۆچبەرەکان ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی هەردوو پارێزگاکە کراون بۆ ئەوەی ڕێکاری یاساییان بەرانبەر بگیرێتەبەر، بەڵام ڕەگەزنامەی کۆچبەرەکان ئاشکرا نەکراوە کە خەڵکی چ وڵاتێکن".
ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو بەهۆی تێکشکانی بەلەمێکی کۆچبەرانی نایاسایی لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، نزیکەی 35 کۆچبەر خنکان کە ژمارەیەکیان کورد بوون کە بە گوتەی بەشێک لەو سەرنشینانەی لە بەلەمە شکاوەکە ڕزگاریان بووە، 76 کۆچبەر لە بەلەمەکەدا بوون و تەنیا 11 کەس ڕزگاریان بووە کە حەوتیان کوردن.
هەروەها پۆلیسی دەریایی ئیتاڵیا تاوەکوو ئێستا تەنیا دۆزینەوەی تەرمی 35 کۆچبەری سەلماندووە و چارەنووسی 30 کۆچبەرەکەی دیکە نەزانراوە.