شەڕی ژنێک و مێردەکەی سووتانی حەوت هێکتار پاوانی لێ کەوتەوە

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، لە نزیک گوندی جەمۆغەی شارکە، لە ئەنجامی شەڕی نێوان پیاوێک و هاوسەرەکەی حەوت هێکتار زەوی پاوانی دوای دروێنە سووتا.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، لە زاری شایەتحاڵێکەوە بڵاوی کردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تەممووزی 2024، ئەو پیاوە و هاوسەرەکەی لە نزیک پەریزێک بووەتە دەمەقاڵێیان و دواتر کردوویانەتە شەڕو لە پڕ، بەبێ ئەوەی بزانرێ بۆ، ئاگریان لە زەوییەکە بەرداوە.

هەروەها ڕەسووڵ مەعروفی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی بۆکان ئاماژە یداوە، تیمێکی ئاگرکوژێنەوەی بنکەی میراباد چوونەتە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە و دوای چەند کاتژمێرێک توانیویانە ئاگرەکە بکوژێننەوە و ڕێگریی لە تەشەنەسەندنی بکەن.

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی بۆکان داوای لە ڕێبواران و گوندنشینان کردووە لەم وەرزەدا بەهۆی وشکبوونەوەی گژوگیاوە مەترسیی ئاگرکەوتنەوەکان زیاترن و دەبێت هاووڵاتییان هۆشیارتر بن، دەشڵێ: هێشتا ئاماری زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە.

گوندی جەمۆغە. بە دووری 10 کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژئاوای بۆکان لەسەر ڕێگەی سەرەکیی مەهاباد -سەردەشت و بە یەکێک لە قەرەباڵغترین ڕێگەکانی شارەکە دادەنرێت.