هاووڵاتییەک لە گەلیی عەلی بەگ خنکا

گەلی عەلی بەگ
گەلی عەلی بەگ

K24 – سۆران:

هاووڵاتییەکی بە ڕەگەز عەرەبی دانیشتووی هەولێر لە گەلیی عەلی بگ خنکا. ئەفسەرێک لە بەرگریی شارستانی سۆران ڕایگەیاند: هاووڵاتییەکە بۆ گەشت هاتبووە شوێنەکە و لەکاتی مەلەکردندا خنکا و تیمەکان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا.

چوارشەممە، 17ـی تەمووزی 2024، نەقیب هاوکار کەمال، ئەفسەر لە بەرگریی شارستانی سۆران بە کوردستان24ـی گوت: هاووڵاتییەکی بە ڕەگەزی عەرەبی دانیشتووی هەولێر بە ناوی زیاد عەبدولقادر، تەمەن 49 ساڵ. بۆگەشت هاتبووە گەلیی عەلی بەگ  لە کاتی مەلەکردندا خنکا.

ئەو ئەفسەرەی بەرگریی شارستانی سۆران، ئاماژەی بەوە کرد: تیمەکان بەردەوامن لە گەڕان بە دوای تەرمەکەیدا. گوتیشی: ئەم ساڵ ئەمە نۆیەمین حاڵەتی خنکانە لەو سنوورە.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، تابلۆی ڕێنمایی بەرگریی شارستانی  لە شوێنەکە هەڵواسراوە کە لەبەر قووڵییەکەی بۆ مەلەکردن ناشێت. بەڵام گەشتیاران زۆربەی جار پابەندی ڕێنماییەکان نابن و سەرکێشی بە ژیانی خۆیان دەکەن.