ڕۆمانی "جنۆکەکانی ژێر قەڵا" بڵاو کرایەوە

رۆمانی "جنۆکەکانی ژێر قەڵا" بڵاو کرایەوە
رۆمانی "جنۆکەکانی ژێر قەڵا" بڵاو کرایەوە

ڕۆمانی "جنۆکەکانی ژێر قەڵا" کە لە نووسینی گۆڤەند سابیر، بڵاو کرایەوە و کەوتووەتە بەر دەستی خوێنەران.

نووسەر گۆڤەند سابیر، دەربارەی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانە نوێیەکەی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ژمارەی لاپەڕەکانی کتێبەکە 312 لاپەڕەیە و بە یازدە ساڵ نووسیویەتی. لە ڕۆمانەکەدا کەسێکی سیخوڕ چاودێریی چەند کەسێک دەکات کە بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن کەوتوونەتە ژوورێکی ژێر زەوییەوە و هەموو لایەکیان لێ داخراوە. کەسەکان هەوڵ دەدەن یەکتری بناسن، تاکو بزانن بۆچی و کەی کەوتوونەتە ناو ئەو ژوورەوە. 

ئەو نووسەرە گوتشی: جۆری کەسایەتیەکان جیاوازن و سەر بە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانن؛ چەند کوردێکی دەرەوەی وڵاتیشیان تێدایە. ئەوان بۆیان دەردەکەوێت لەلایەن کەسانێکی تێگەیشتوو و زیرەکەوە بەندکراون. یەکێک لە کچەکان دەڵێت مادام ئەمانە لە مرۆڤی ئاسایی زیرەکتر و بەهێزترن و لە ژێرزەویدا دەژین، کەواتە جنۆکەن، جنۆکەش هەر وەکو مرۆڤ وان، تەنیا تواناکانیان زیاترە. کەسێکیان پێی وایە کەوتوونەتە دەست بازرگانانی لاشەی مرۆڤ. هەریەکەیان باسی ژیانی خۆی بۆ ئەوانی تر دەکات، بۆیان دەردەکەوێت کەسایەتی باکگراوند جیاوازن، یەکێک وەرزشکارە و یەکێک کارمەندە و یەکێک قووتابیە و یەکێک تاوانبارە و یەکێک شێتە و هتد، لە ژیانیاندا هەوڵی خۆیان داوە و شکستیان هێناوە و ورەیان ڕووخاوە و نەیانتوانیوە بەرەنگاری چارەنووس ببنەوە و تەسلیم بوونە، بەڵام پێکەوە پلان دادەنێن و دەتوانن ڕێگای هەڵاتن بدۆزنەوە و لە ژوورەکە هەڵدێن و ڕزگاریان دەبێت، بەڵام ئەوەی چاوەڕوانی ناکەن دوای ڕزگاربوونیان ڕوودەدات و بە خۆشحاڵیەوە قبووڵی دەکەن. 

ئەوەشی خستە ڕوو: کتێبەکە باسی ئەوە دەکات ئینسان، بەتایبەتی ئینسانی کورد هەرچەند ژیانی پڕ نەهامەتی و نەگبەتی و دەردەسەریە، چارەنووس بە ئارەزووی خۆی یاری پێدەکات و هێزێکی شاراوە دەیەوێت ژیانی بسڕێتەوە، بەڵام کۆڵنادات و بەردەوام دەبێت لە ژیان و هەوڵی خۆی بەزیادەوە دەدات بۆ سەرکەوتن و سەرکەوتووش دەبێت.