به‌ فه‌رمی جۆی هارت واژۆی له‌سه‌ر گرێبه‌ستی تۆرینۆ كرد

جۆی هارت بووه‌ یه‌كه‌مین كه‌س له‌ مانچێسته‌ر سیتی به‌ر لێشاوی ده‌ركردنی گواردیۆلا كه‌وت، دوێنێ گه‌یشته‌ تۆرینۆ و ئه‌مڕۆش واژۆی له‌سه‌ر گرێبه‌ستی یانه‌ ئیتاڵیاییه‌كه‌ كرد.

یانه‌ی تۆرینۆ به‌ فه‌رمی له‌سه‌ر پێگه‌ی خۆی گواستنه‌وه‌ی جۆی هارتی ته‌مه‌ن 29 ساڵی بۆ ماوه‌ی یه‌ك وه‌رز به‌شێوه‌ی خواستن راگه‌یاند و ره‌نگه‌ به‌شداریی یه‌كه‌مین یاریی خۆی له‌ سێریا ئه‌ی له‌ رۆژی 11 مانگی داهاتوو له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌تلانتا بكات.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتی بی بی سی سپۆرتی بریتانیا، یانه‌ی مانچستەر سیتى زیاتر لە نیوەى مووچەى ساڵانەى جۆ هارت دەدات، کە چوار ملیۆن یۆرۆیە.

جۆی هارت له‌ لێدوانێكدا بۆ پێگه‌ی یانه‌ نوێیه‌كه‌ی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌یه‌وێت شتی زیاتر له‌ یانه‌ی تۆرینۆ فێر بێت، ده‌شڵێت: رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی دادێ په‌یوه‌ندی به‌ مه‌شقه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلاند ده‌كه‌مه‌وه‌.

جۆی هارت، بووه‌ یه‌كه‌مین گۆڵپارێزی ئینگلیزی، له‌ دوای وه‌رزی 1929-1930 لە سێریا ئەی یاریی ده‌كات.