کێشەی ئەلیکترۆنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێری نەگرتووتەوە
ئەحمەد هوشیار: گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاسایین

دوای ئەوەی کێشە لە سیستمی ئەلیکترۆنی ئەورووپا و ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی دیکەی گرتەوە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر ئاسایین و هیچ کێشەیەک ڕووی نەداوە.
ئەحمەد هوشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گوتیشی: تاوەکوو ئێستا کێشە ئەلیکترۆنییەکە نەگەیشتووەتە سنووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیچ گرفت و کێشەیەکی ئەلیکترۆنی و تەکنیکی لە فڕۆکەخانەی هەولیر دروست نەبووە.
هەروەها ڕایگەیاند، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاساییە و هیچ گەشتێک هەڵنەوەشێنراوەتەوە.
بەهۆی دروستبوونی کێشەی ئەلیکترۆنیەوە دەیان کۆمپانیای فڕۆکەوانی لە ئەمەریکا، ئەورووپا، بەریتانیا، ئوسترالیا، هیندستان گەشتەکانیان ڕاگرت و چەند کەناڵێکی تەلەفیزۆنیش پەخشی ڕاستەوخۆیان وەستێنرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 19ی تەممووزی 2024، بەهۆی کێشەی ئەلیکترۆنییەوە لە کۆمپانیای کایکرۆسۆفت، کۆمپانیاکانی ئەمریکان ئێرلاین، تورکیش ئێرلاین و کۆپمپانیای دەلتا بۆ فڕۆکەوانی، کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئیسپانی، هۆڵندی، تورکی و چەندین کۆمپانیای دیکە گەشتە ئاسمانییەکانیان راگرت. هۆکارەکەشیان بۆ هەبوونی دروستبوونی کێشەی پەیوەندی لە کۆمپانیا مایکرۆسۆفت گەڕاندەوە.