کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بەهۆی کێشە تەکنیکییەکانەوە زیاتر لە 60 ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە

لۆگۆی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت
لۆگۆی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت

K24 – هەولێر:

بەهۆی دروستبوونی کێشە لە ویندۆزی مایکرۆسۆفت بە دەیان فڕۆکەخانە، نەخۆشخانە، بانک و کۆمپانیای هێڵەکانی گواستنەوە لە وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی ئەمەریکا، ئوستراڵیا و وڵاتانی ئەورووپا کارەکانیان ڕاگیران.

مایکرۆسۆفت قەبارەی زیانەکان بەهۆی ئەو کێشەیە بە 60 ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت. لەلایەن خۆشیەوە، باوەڕ عەلی حاجی، مامۆستای زانکۆ و شارەزای تەکنەلۆژیای زانیاری بۆ کوردستان24 گوتی: کێشەکە هێرشی ئەلیکترۆنییە و گەورەترین ئاڵنگاریی لەبەردەم مایکرۆسۆفت گەڕاندنەوەی متمانەیە.

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند، بەهۆی بوونی کێشە لە ویندۆزەکەیان، ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا، فڕۆکەخانە، بانک و نەخۆشخانە و کۆمپانیاکانی هێڵەکانی گواستنەوەی وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی ئەمەریکا، ئوستراڵیا و وڵاتانی ئەورووپا کێشەیان بۆ دروستبووە.

ئەم کێشەیەی لە زۆربەی فڕۆکەخانەکان، کۆمپانیاکان و نەخۆشخانەکانی وڵاتانی جیهان دروستبوو، هەرێمی کوردستان و عێراق و زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای نەگرتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هیوا بالیسانی، شارەزای بواری پاراستنی زانیاریی و ئاسایشی ئەلیکترۆنی بۆ کوردستان24 دەڵێت: پێویستە هەرێمی کوردستان دامەزراوەیەکی نیشتمانی بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی دامەزرێنێت، تاوەکو دووربن لە کێشە و هێرشی ئەلیترۆنی. 

بەهۆی ئەو کێشەیەی لە مایکرۆسۆفت دروستبوو، بە دەیان نەخۆشخانە، فڕۆکەخانە و بانک لە وڵاتانی وەک ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئوسترالیا، ئیسپانیا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا، ئێرلەندا، هیندستان، تورکیا، ئیمارات، ئیسرائیل و چەندین وڵاتێکی دیکە، کە پشتیان بە مایکرۆسۆفت بەستبوو کێشەیان بۆ دروستبووە، بەو هۆیەشەوە بە بەهای دەیان ملیار دۆلار زیان بە داهاتی وڵاتان گەیشتووە.

هاوکات کۆمپانیای ئاسایشی ئەلیکترۆنی (کراودسترایک) هۆکاری دروستبوونی کێشە تەکنیکییە جیهانییەکە ئاشکرا دەکات و ڕایگەیاند، دابڕانێکی کاتی لە سیستمی مایکرۆسۆفت ڕوویداوە لەو کاتەی هەوڵی نوێکردنەوەی سیستمەکەیان داوە.

کراودسترایک بڵاویکردووەتەوە بەردەوامن لە چارەکردنی ئەو کێشەیەی له پڕۆگرامی مایکرۆسۆفت 365 ڕوویداوه کە بەهۆی نوێکردنەوەی سیستمی وێندۆزی ڕوویداوە، ئەمەش بووەتە هۆکاری لە کارکەوتنی سیستمی ویندۆز، هیچ کاریگەرییەکی بۆ سەر هەردوو سیستمی ماک و لینۆکس نەبووە.

Fly Erbil Advertisment