ئەڵمانیا داوای ڕاگرتنی شەڕی غەززە دەکات

ئانالینا بێربووک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززەی کرد، چونکە بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە هیچ شوێنێکی ئارام نەماوە.

ئانالینا بێربووک دەڵێت، "هیچ شوێنێکی سەلامەت بۆ هاووڵاتییانی مەدەنی لە غەززە نییە، ئەم شەڕە لە غەززە دەبێت کۆتایی بێت". گوتیشی، تەنانەت ئەو چەند شوێنە قەرەباڵغەی سوپای ئیسرائیل وەک ناوچەی سەلامەت دیاری کردووە، چەندان جار لەلایەن خۆیەوە بۆمباران کراو ن.

بێرووک دەشڵێت، "یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی سنوورێک بۆ شەڕەکان دادەنێت".

وەزیری ئەڵمانیا لە درێژەی قسەکانیدا ڕاشیگەیاند، سوپای ئیسرائیل ئەرکی پاراستنی دانیشتوانی مەدەنیی لەسەرە و پێویستیان بە پشتیوانیی و ئاسایش هەیە.

وەزیری دەرەوە داوای له هەموو ئەو کەسانە کرد کە بەرپرسیارن لە ناوچەکانی دەرەوە، هەموو ووزەی خۆیان له دانوستان بۆ ئاگربەست بۆ هۆکاری مرۆیی چڕ بکەنەوە، جەختی لەوەش کردەوە، ئێستە کاتی پەسەندکردنی ئاگربەستی غەززە هاتووە و ئەوەش لەلایەن جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا خراوەتە ڕوو.

ئەمەریکا لەگەڵ قەتەر و میسر کار دەکات بۆ ڕێکخستنی ئاگربەست لە غەززە، بەمەبەستی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە دەستبەسەرکراون و هێنانی هاوکاریی مرۆیی زیاتر بۆ ناو کەرتی غەززە.

لای خۆیەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئیسرائیلی ئیدانە کرد لەبەر ئەوەی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان پشتگوێ دەخات، هەروەها داوای ئاگربەستی خێراش دەکات.

بەپێی ئاماری دەسەڵاتە تەندروستییە ناوخۆییەکان، لەسەرەتای شەڕەوە تا ئێستە زیاتر لە 38 هەزار و 800 فەڵەستینی مردوون زۆربەیان ژن و منداڵن و زیاتر لە 89 هەزار و 400 کەسیش بریندار بوون.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

Fly Erbil Advertisment