ئازاد نووری: لە پێناو پاراستنی ژینگە چەندان پاڵاوگەمان داخستووە

ئازاد نووری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری هونەری لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان
ئازاد نووری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری هونەری لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەکانی ڕابردوودا چەند پاڵاوگەیەکمان داخستووە و ئەو پاڵاوگانەی کە هەن دەبێت مۆڵەت دەربهێنن.

شەممە، 20ـی تەمموزی 2024، ئازاد نووری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری هونەری لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ڕێنمای 1ـی ساڵی 2020ی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، تایبەتە بە ژینگەی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەش، ڕێنماییمان هەیە بۆ دامەزراندنی پاڵاوگەکان بە گشتی، ئەویش ڕێنمایی 1ـی ساڵی 2024ە، ڕێنماییەکی دیکەشمان هەیە بۆ کوالێتی ئەویش ڕێنمایی ژمارە سێی ساڵی 2021ە".

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "ڕێنماییەکان بۆ دامەزراندنی پاڵاوگە، قورسن. ئەوانەی مۆڵەت یا ڕەزامەندی ژینگە دەردەهێنن، دەبێت بە فلتەردا تێپەڕن. هەروەها ئێمە لەم کابینەیەدا وەکو دەستەی ژینگە هیچ مۆڵەت و ڕەزامەندییەکمان نەداوەتە هیچ پاڵاوگەیەک، چونکە مەرجەکان زۆر قورسە بۆ دانانی پاڵاوگەکان".

ئەو بەڕێوەبەرە باس لە مەرجەکان دەکات و دەڵێت: مەرجەکان بریتین لە "پاڵاوتنی ئاوی پیس، دانانی فلتەر لەسەر پاڵاوگەکە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک هەوا پیس بکات، هەروەها نابێت ئاوی ژێرزەوی پیس بکەن. دەبێت یەکەی پاککردنەوەی ئاو دابنێت. هەروەها دەبێت لە ناوەوە و دەرەوەی پرۆژەکە بایەخ بە ڕێژەی سەوزایی بدرێت. دەبێت بە تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو کار بکات. جگە لەوەی چەندان بابەتی دیکە لە خۆدەگرێت، مەرجەکان قورسن و لەبەر ئەوەش ئێمە هیچ مۆڵەتێکمان نەداوە، ئەوەش مەرجانەش لە پێناو سەلامەتی هاووڵاتییاندان".

هەروەها دەشڵێت: "ئێمە ڕاپۆرتێکمان هەیە باسی هەموو شتێکی تێدا دەکرێت، بۆ نموونە تەندروستیی هاووڵاتیی، خاک، ئاو و هەوا هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەستە بە ژیانی هاووڵاتییانە".

ڕاشیگەیاند، "لەم ماوەیەدا چەندان پاڵاوگەی نایاساییمان داخستووە، ئەویش لەلایەن لە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، لەگەڵ قایمقام و پارێزگای هەولێر، بەردەوامیشین لەو داخستنە نایاساییانە".

ئازاد نووری باسی لەوەش کرد، کە "سێ جۆر پاڵاوگە هەیە لە هەرێمی کوردستان، یەکێکیان حکوومییە، ئەوە مۆڵەتی هەیە و کێشەی نییە. پاڵاوگەیەکی دیکەمان هەیە پێی دەگوترێ پاڵاوگەی گەورەکان و بچووکەکان، ئەمانە کاتێک دروستکران کە لە ساڵی 2015ە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی نەوت و بەنزین بوو؛ ئێستە ئەو پاڵاوگانە زۆربەیان داخراون بەهۆی قەیرانەوە و  شوێنەکانیان جێهێشتووە. ئەوانەی کە ئیستە ماون دەستەی ژینگە ئاگادارییان دەکاتەوە کە بۆ ئەوەی مۆڵەت دەربهێنن و دەرفەتییان پێ دەدرێت دروستی بکەن".

Fly Erbil Advertisment