هیوا ئەفەندی: کابینەی نۆیەم بەردی بناغەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی داناوە

هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکوومەتی هەرێمی ئاماژە بەوە دەکات کە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان داناوە، دەشڵێت: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داتا سەنتەرێکی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەگەری هەر کێشەیەک دروستکراوە و داتا سەنتەرێکی دیکەش دروست دەکرێت.

شەممە 20ـی تەممووزی 2024، هیوا ئەفەندی سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئە کێشە تەکنیکیانەی لە سیستەمەکانی وێندۆز لەسەر ئاستی جیهان ڕوویاندا و زیانێکی خێرای دارایی لە ئەورووپا دا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو کێشەیەی لە سیستەمەکانی ویندۆز لەسەر ئاستی جیهاندا ڕوویدا،بەهۆی دووبارە پێکردنەوەی( ئەبدەیتی) سیستەمەکان بوو، دەشڵێت: داتا زانیاریی لەدەست نادرێت، داتاکان لەسەر خزمەتگوزارییەکانی خودی کۆمپانیاکانە، ئەگەر هەر کێشەیەک دروست بێت، سیستەمی بەرگریی لەسەر خزمەتگوزارییەکان دەبێت، دەشڵێت: لە ( ئەبدێت) نوێکردنەوە سیستەمەکان دووچاریی کێشە بوون، تاوەکو ئێستا و بەپێی هەموو ئاماژەکان ئەوەی ڕوویدا هێرشی ئەلیکترۆنی نەبووە، ئەوەی ڕوویداوە هەڵەیەکە لە یەکێ لە ئەبدەیتەکان کە کۆمپانیای (کراود ستڕایک) کردوویەتی، ئەو نوێکردنەوانەی بە بەردەوامی و ڕۆژانە هەیە.

هیوا ئەفەندی گوتی: تەواوی کۆمپانیاکانی ماکس و وێندۆز و لینۆکس، (کراود ستڕایک) بەکاردێنن بۆ سیستەمەکانی بەرگریی، بەڵام لە یەکێ لەو ئەبدەیتانەی چووە بۆ وێندۆز، یەکێ لەو فایلانە ڕەنگە خراپ بووبێ کە بووەتە هۆی ئەوەی (ئۆپەرەیتینگ سیستەمی) ویندۆز لە خودی سیستەمدا تووشی کێشە بووبێت و نەیتوانیبێت ئیش بکات.

دەشڵێت: (کراود ستڕایک) سۆفت وێرێکیان هەیە بەناوی ( فالکن سێنسەر)، کاری ئەوسۆفت وێرە ئەویە، ئەو ئامێرانە بپارێزێت، گوتی: پێویستە ئەو سۆفت وێرە زۆر نزیک لە سیستەم کار بکات بۆ ئەوەی پیپارێزێت.

هیوا ئەفەندی گوتی: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کابینەیەکی سیستەماتیکی و ئەلیکترۆنییە، تا ئێستا هێرشێکی ئەلیکترۆنی وامان نەکراوەتە سەر، چونکە سیستەمەکان بە نوێترین تەکنەلۆژیاکان دەپارێزرێن، دەشڵێت: ئێمە چەندین تەکنەلۆژیا بەکاردێنین بۆ پاراستنی سیستەمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام سیستەمەکان هەرچەند بەهێز و پێشکەوتووش بن، ئەگەری ئەوەی هەیە دووچاری هێرشی ئەلیکترۆنی ببنەوە.

ئەفەندی پێی وابوو، کۆمپانیاکان زۆر جار دووچاری هێرشی ئەلیکترۆنی دەبنەوە، بەڵام چونکە ئەمجارەیان کێشە لە فڕۆکەخانەکان ڕوویدا، دەنگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دەشڵێت: لە کابینەی نۆیەمدا چەند سیستەمێکمان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جێبەجێکردووە، یەکێ لەوانە سیستەمی دیجیتاڵی زانیاریی هاووڵاتییانە، دەشڵێت: زۆربەی پرۆژە سەرکەوتووەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشت بە (PIS) دەبەستن، بە نموونەی پرۆژەی هەژماری من کە داتای کەسی لە  سیستەمی(PIS) وەردەگرێت، یاخود سیستەمی مووچە کە لە بەغداوە دێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا کێشەی ئامادەکردنی خشتەی مووچە و وردبینی لەگەڵ بەغدا یەکلایی دەکەینەوە و دەیکەینە سیستەمێکی دیجیتاڵی و بۆ لەمەودوا ئەو پرۆسانە تەواوی پشت بە سیستەمی دیجیتاڵی دەبەستن، لەگەڵ پێناسی دیجیتاڵی بۆ هاووڵاتییان کە بۆ زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە، گوتی: هەموو ئەو سیستەمانە پێویستە بپارێزرێن.

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، سیستەمی کۆنتڕۆڵی پاسپۆرت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرکە بۆ وەزارەتی ناوخۆ دروستیان کردووە، سیستەمێکە ئەگەر دە خوولەک بووەستێ، گەشتیارییەکانی لەڕێگەی فڕۆکەخانەوە گەشت دەکەن دە خوولەک دەوەستن، بەرگەی ئەوە ناگرێت کاتژمێرێک سیستەمەکە بووەستێت، گوتی: بۆیە هەموو هەوڵ و کۆششەکمان بۆ ئەوەیە بە هەموو شێوازێک سیستەمەکانمان وا دیزاین بکرێن کە بتوانن بەرگەی ئەوە بگرن داتا سەنتەرێک وەستا، داتا سەنتەرێکی دیکەمان هەبێت کارەکانی پێ بەردەوام بکەین، هەرچەند داتا سەنتەرێکی ئەلتەرناتیڤ هەیە، داتا سەنتەرێکی دیکەی ئەلتەرناتیڤ لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران دروست دەکەین بۆ بەرگەگرتنی ئەگەری هەر کێشەیەک کە بێتە پێشەوە.

ئەفەندی گوتی: ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕووی تەکنیکیەوە بەکاری دێنێت لە ئاستێکی زۆر بەرزی جیهانیدایە، ئاماژەی بەوە کرد کە، کورد لەڕووی تەکنیک و ئەو تەکنەلۆژیایەی بەکاری دێنێت، لەگەڵ ئەو خزمەتگوزارییانەی کە بەردەستی دەخەین، لە ئاستی ستانداری جیهانییە و بەرزتریشە، بۆ پاراستنیشیان سوود لەو کێشانە وەردەگرین کە لەسەر ئاستی جیهاندا ڕوو دەدەن.   

گوتیشی: هەموو ئەو سیستەمانەی لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردستان لە کابینەی نۆیەم دروست کراوە کە زیاتر لە پانزە سیستەمن، هیچ بڕە پارەیەکیان بە کۆمپانیاکانی جیهان نەداوە، ئاشکرای کرد، کورد لە ڕابردوودا وانەبووە، لەو پێنج بۆ شەش ساڵەی ڕابردوو، ئەو توانایەی تاکی کورد لە دروستکردنی سیستەمەکانی دیجیتاڵی و نووسینی کۆدەکان و بەگەڕخستنیان هەیەتی، توانایەکی زۆر بەرزە وهیچ شتێکی کەمتر نییە لە هیچ وڵاتێک بۆ ئەوەی پێویستی بە کۆمپانیایەکی دەرەکی هەبێت، دەشڵێت: توانای گەنجی کورد هیچی کەمتر نییە لە کەسێکی پرۆفیشیناڵی دەرەکی، ئەفەندی نەیشاردەوە کە، کابینەی نۆیەم بەردی بناغەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە حکوومەتی هەرێمی وکوردستان داناوە.