دەستەى دەستپاکیی عێراق: 12 بەرپرسی باڵا فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە
دەستەى دەستپاکیی عێراق ئاشکرای کرد، لە مانگى حوزەیرانی رابردوودا، 18 كەس بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراون و 12 فەرمانی دەستگیركردنیش لە دژی بەرپرسانی پلە باڵا دەركردووە.
عێراق لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام یەکێک بووە لە گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهان، ئەمەش بەگوێرەی ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوە نێوخۆییەكان و ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی. ھاوكات، بەرفراوانبوونی كاروچالاكییەكانی دەستەی دەستپاكیی عێراقیش دەرخەری ئەو ڕاستییەن.
دەستەى دەستپاکیی عێراق ئاشکرای کرد، لە مانگى حوزەیرانی ڕابردوودا 166 ئۆپەراسیۆنی دەستگیركردن و دەستبەسەراگرتنیان کردووە، هەروەها 18 كەسیش بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراون و 12 فەرمانی دەستگیركردنیشیان لە دژی بەرپرسانی پلە باڵا دەركردووە. ئاماژە بەوەش دراوە، 61 بڕیاری سزادانی دادوەری دەركراوە و 88 كەسیش بە بڕیاری داوەری سزادراون.
دەستەكە ڕوونیشی كردووەتەوە، لەم ماوەیەدا 14 دۆسیەی ڕادەستكردنەوەی ھەڵاتووان و پارە دزراوەكان ھەبووە و 7 ھەزار و 100 ڕاپۆرتی تایبەت بەو كەسانەی ئەستۆپاكی دەیانگرێتەوە، لەگەڵ بەدواداچوون بۆ 12 كەس كە دۆسیەی ئاشکراکردنی پێکدادانی بەرژوەندییەکان دەیانگرێتەوە.
دەستەى دەستپاکیی عێراق دەشڵێت، لە مانگی حوزەیران بە مەبەستی چاودێریی، 56 جار وەزارەتەكانیان بەسەركردووەتەوە و 10 ڕاپۆرتی تایبەت بە دەستنیشانکردنی کێشەکان، بەربەستەکان و بەدواداچوون بۆ چارەکردنیان ھەبووە، ئەمە وێڕای 10 ڕاپۆرتی مێدیایی و 32 توێژینەوە و خول و وۆرك شۆپی تایبەت بە دۆسییەكانی گەندەڵی.
بەگوێرەی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، لە 180 وڵاتدا، عێراق لە ڕووی گەندەڵییەوە لە ڕیزی 157مینە؛ ساڵانە سەروو 200 ملیار دۆلار لە پڕۆژەی ساختە و وەهمی سپی دەکرێتەوە و دەدزرێت.