بەختیار حاجی: لەبارەی ڕێكخستنی باج لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ ڕێككەوتووین

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پەیوەندی و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند: بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەنێوان هەولێر و بەغدا کراوە، هەر کۆمپانیایەک کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات و باج دەدات دەتوانێت وەکو پاکانە لە حکوومەتی عێراق بەکاری بهێنێت، هەروەها ئەو کۆمپانیایانەش کە لەعێراق مۆڵەتیان وەرگرتووە حکوومەتی هەرێمی کوردستان باج ناخاتە سەر ئەو سووتەمەنییەی کە بۆ پاڵپشتیکردنیان دابین دەکرێت.
بەختیار حاجی حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پەیوەندی و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: یەکێک لە بەرنامە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەم ئەوەبوو کە ڕێککەوتن لەنێوان دامەزراوەکانی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا بکرێت، بۆ بەرژەونەدی خەڵکی هەرێم و تەواوی عێراق.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری پەیوەندی و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئاماژەی بەوە کرد: لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ. لە مانگی 8ـی پار ساڵەوە گفتوگۆکانمان بەردەوامبوون بە ئەوەی بگەین بە رێگەچارەیەک بۆ ڕێکخستنەوەی باج.
جەختی لەوەش کردەوە، لە هەفتەی ڕابردوو دوواین کۆبوونەوە لەنێوان لێژنەی باڵای ڕێکخستنەوەی باج لە حکوومەتی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کرا و ڕێککەوتننامیەک لەنێوان هەردوولادا ئیمزا کرا .
بەختیار حاجی حەمەد، گوتی: بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەنێوان هەولێر و بەغدا کراوە، هەر کۆمپانیایەک کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات و باج دەدات دەتوانێت وەکو پاکانە لە حکوومەتی عێراق بەکاری بهێنێت.
ناوبراو گوتیشی: ئەو کۆمپانیایانەش کە لەعێراق مۆڵەتیان وەرگرتووە حکومەتی هەرێمی کوردستان باج ناخاتە سەر ئەو سووتەمەنییەی کە بۆ پاڵپشتیکردنیان دابین دەکرێت.
ڕۆژی 18ـی تەمووزی 2024، لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: شاندی هەرێم و بەغدا ڕێککەوتن لەسەر یەکخستنی ڕێکار و ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنی باج بە میکانیزمی هاوبەش، ڕێککەوتنەکەش چەند خاڵێک لەخۆ دەگرێت.
هاوکات هەردوولا لەسەر بانکەکان ڕێککەوتن کە بارەگەی سەرەکی بانکەکە بکرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی باج و ڕێککەوتن لەسەر هەماهەنگی پێویست و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ڕێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باج.
یەکێک لە خاڵەکان کە لەسەری ڕێککەوتوون بریتییە لە داننان بە پاکانەی باجی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە کە پێشتر هیچ بایەخێکیان بۆ دانەدەنا. هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکانی کوردستان، کە پێشتر داوای باجیان لێ دەکردن بە بیانووی ئەوەی بەرهەمەکانیان لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ساغ دەکەنەوە، بۆ لەمەودوا ئەو کارگانەی لە کوردستانن دەبێت باجی داهاتەکانیشیان لەکوردستان بدەن.
هەروەها هەردوولا لەسەر چارەکردنی کێشەی پێدانی سووتەمەنی بۆ کارگەکانی هەرێمی کوردستان بە نرخی هاندرا و کەماوەیەکە پێدانی سووتەمەنیان بەو کارگانە ڕاگرتووە بە بیانووی نەدانی باج بە حکوومەتی فیدراڵی.