غازی فەیسەڵ: ئەگەری هەیە هێرشەکەی سەر یەمەن ببێتە شەڕێکی هەرێمی
بەڕێوەبەری سەنتەری عێراقی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەری ئەوە هەیە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن تەشەنە بکات و ببێتە شەڕێکی هەرێمی و ناوچەکە بگرێتەوە.
یەکشەممە 21ـی تەممووزی 2024، غازی فەیسەڵ بەڕێوەبەری سەنتەری عێراقی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی بۆ کوردستان24ـی ڕایگەیاند: باردوخەکە زۆر مەترسیدارە، بەتایبەت دوای بۆردومانکردنی حودیدە و وێستگەی کارەبا و پاڵاوگەکانی نەوت و وزە و شوێنە ستراتیژییەکانی یەمەن لەلایەن ئیسرائیلەوە، دەڵێت: ئەو هێرشە وەڵامێک بوو بۆ حووسیەکانی یەمەن کە پێگەیەکی مەدەنیان لە حەیفا بە ئامانج گرتبوو، تیشکی خستە سەر ئەوەی، وەڵامەکەی ئیسرائیل پێمان دەڵێت، ئیسرائیل بۆ لەمەودوا بۆ ئەوە هەنگاو دەنێت کە هێزی ئاسمانیی بەرامبەر حووسییەکان بەکاردەهێنێت، هەر ئەو هێزە بۆ لێدان لە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی بەکاردێنێت، پێی وابوو کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا و یەمەن و لوبنان بەردەوام دەبن، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت شەڕەکە فراوان بێت و ببێتە شەڕێکی هەرێمی و ناوچەکە بگرێتەوە.
غازی فەیسەڵ دەڵێت: لەدوای هێرشەکەی حودیدەی یەمەن، هەندێک لایەنی دیکە و ڕێکخراوی چەکداریی بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی عێراقی کە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەریای سووردا کردووە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی باشووری لوبنان بەچاودێری حزبوڵڵای لوبنانی، دەبنە ئامانجی ئیسرائیل، بە گوتەی وەزیری بەرگریی و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی سەرچاوەی هێرشەکان دەبنەوە.
بەڕێوەبەری سەنتەری عێراقی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی دەڵێت: ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی سەرکردایەتی و کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەک، هاوکات کۆگاکانی چەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، دەشڵێت: لێدوانەکەی ناتانیاهوی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژە بوو بەوەی، ئیسرائیل ئامانجی خۆی پێکاوە و سەرکەوتنی بەدەستهێناوە کە هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەیەکی ستراتیژی لە یەمەن.
پێشتر، ماڵپەڕی هەواڵی ئاکسیۆس، لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، فڕۆکە جەنگیییەکانی ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشێکی حووسییەکان بۆ سەر تەلئەڤیڤ، چەند ئامانجێکی حووسییەکانیان لە بەندەری حودەیدە لە یەمەن بۆمبباران کرد.
مێدیا ئیسرائیلییەکان بۆمببارانکردنی حودەیدەیان بەستەوە بە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی حووسییەکان بۆ سەر شاری تەلئەڤیڤ، ئاماژەیان بەوەش کرد، هێرشەکە لە لایەن 12 فڕۆکەی ئێف 35 ئەنجام دراوە.
لەلایەکی دیکەوە مێدیاکانی حووسییەکان ڕایانگەیاند، بەندەری حودەیدە شاهێدی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بووە.
وهزارهتی تهندروستی یهمهنیش ڕاگهیهندراوێكی لهبارهی هێرشی ئیسرائیل بۆ سهر حووسییهكان بڵاو كردهوه و ڕایگهیاند، له ئهنجامی ئهو هێرشانهدا 80 كهس بریندار بوونه، كه برینی زۆربهیان سهخته.
وهزارهتی تهندروستی یهمهن ڕوونی كردووهتهوه، كۆگاكانی نهوت و وێستگهی كارهبا له پارێزگای حودهیده به ئامانج گیراون و زیانێكی گهورهیان بهركهوتووه.
ڕۆژی 19ـی تەمووزی 2024، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بەرەبەیانی هەینی بە درۆن هێرشکراوەتە سەر شاری تەلئەڤیڤ و بەهۆیەوە کوژراو و بریندار هەن.
لای خۆیەوە پۆلیسی ئیسرائیل گوتبووی، تەقینەوەکە کاتژمێر چواری بەرەبەیان بووە و لە شوێنی تەقینەوەکەشدا تەرمی کەسێکیان دۆزیوەتەوە و سێ کەس دیکەش برینداربوون بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.