کێشەی مووچەی دوو مانگی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 چارە کرا

مووچە
مووچە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی چارەکردنی کێشەی مووچەی دوو مانگی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 ڕادەگەیەنێت. 

ڕۆژی دووشەممە، 22-07-2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی خانەنشینی هێزەکانی یەکەی 70 کرد، کە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی پارێزگای سلێمانییەوە هاتبوون.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر کێشەی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 کرا کە ژمارەیان زیاتر لە نۆ هەزار کەسە و مووچەی مانگانەیان نزیکەی چوار ملیار دینارە و تا ئێستا نەخراونەتە سەر بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی.

وەزیری دارایی ڕوونی کردەوە "بە پێی یاسای چاکسازی و ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی، نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوبەرایەتیی گشتی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی مووچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی یەکەی (70) تا ئێستا هیچ داتا و زانیاری و دۆسییەیەکیان لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابوری نییە و لە وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوررستانیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە".

ئاوات شێخ جەناب گوتیشی، "وەزارەتی دارایی بەرپرسیار نییە لە دواکەوتن و نەدانی مووچەکانیان، بەڵکوو پێویستە فەرماندەی هێزەکانی یەکەی (70) کار بکات بۆ ئەوەی بەزوترین کات دۆسیەکانیان بگوازرێتەوە سەر بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هاوشێوەی مانگەکانی دیکە، وەزیری دارایی فەرمانی کرد بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی (70) بە شێوەی سلفە تا کێشەکەیان بە یەکجاری چارە دەکرێت. لای خۆشیانەوە نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی (70) کە نوێنەری بەشێک لە حزب و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان تێدا بوو، سوپاسی هەوڵ و ماندووبونەکانی وەزیری داراییان کرد کە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردودا نەیهێشتووە کێشە بۆ مووچەکانیان دروست ببێت و مانگانە بە بڕیاری تایبەتی خۆی مووچەکانیان بۆ خەرج کراوە".