لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل لە نزیک خان یونس زیاتر لە 270 کەس کوژران و بریندار بوون
لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر خان یونس، لە باشووری کەرتی غەززە، لانیکەم 77 کەس کوژران و زیاتر لە 200 کەسییش بریندار بوون.
سێشەممە، 23ـی تەمموزی 2024، ئاژانسی هەواڵی فەلەستین "وەفا" ڕایگەیاند، بۆردومانە سەختەکانی سوپای ئیسرائیل دەیان هەزار فەڵەستینی ناچار کردووە هەڵبێن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بارودۆخی کارەساتبار و مرۆیی و پزیشکی لێ کەوتووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای ئیسرائیل بەردەوام بوو لە بۆمباران و کۆمەڵکوژیی خەڵکی فەڵەستین لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززەی تەنیشت خان یونس، هەروەها کەمپی پەنابەرانی "جیبالیە و دێر بلح"ـیشی بۆمباران کرد کە دەیان فەڵەستینی کوژران و بریندار بوون.
سەرچاوە پزیشکییەکان سەلماندوویانە لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە کەمپی جیبالیە، چوار کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ماڵێکیان لە شەقامی ئەلنەفەق لە ناوچەی سەحابە بۆمباران کرد و بەهۆیەوە چوار کەس کوژران و کەسانی دیکەش برینداربوون.
هەروەها سەرچاوە تەندروستییەکان ڕایانگەیاند، هەر ئەمڕۆ سێشەممە، ئیسرائیل ماڵێکی لە شەقامی مەغریبی گەڕەکی سەبرە لە باشووری شاری غەززە بۆمباران کرد و هەشت کەس کوژران.
سەرچاوەکان لە بەرگری شارستانی غەززە ڕایانگەیاند، سوپای ئیسرائیل ماڵێکی لە ناوچەی حەدبا لە دێر بلح، لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە بۆردومان کرد، ژمارەیەک کەس کوژران و بریندار بوون.
سوپای ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ەوە، هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە، کە تاوەکو ئێستا 39 هەزار فەڵەستینی کوژراون، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن، هەروەها 89 هەزار و 818 کەسی دیکەش برینداربوون، لە کاتێکدا هەزاران قوربانیش لە ژێر داروپەردوودان، کە تیمەکانی فریاگوزاریی دەستیان پێ ناگات.