پاڵپشتە داراییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە یانەی هەولێر
لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشێك لە پاڵپشتە داراییەكان بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی یاریزانان دەگاتە ئیدارەی یانەی هەولێر.
یانەی هەولێر بەهۆی كەڵەكەبوونی قەرزەكانی نەیتوانیوە گرێبەستی یاریزانەكانی نوێ بكاتەوە و پارێزگاری لە ئەستێرەكانیشی بكات، ئەمەش وایكردووە یانەكە هیچ جموجۆڵێكی لە بازاری گواستنەوەی یاریزانان نەبێت.
موئەیەد مەغدید سەرۆكی یانەی هەولێر لە دوایین چاوپێكەوتنی لەگەڵ كوردستان24 رایگەیاند لەگەڵ حكومەت لەسەر هێڵین و چاوەڕوانی دابینكردنی سەرچاوەی دارایین بۆ ئەوەی دەست بە نوێكردنەوەی گرێبەستی یاریزانەكانیان بكەن.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بەشێك لە پاڵپشتە داراییەكانی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی دەگاتە ئیدارەی یانەی هەولێر.
یانەی هەولێر لە ریزبەندی چواردەیەم كۆتایی بەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق هێنا و بڕیاریشە لە رۆژی 20/9ـی ئەمساڵ وەرزی نوێی خولەكە دەست پێ بكات، بەشێك لە یاریزانەكانی یانەكەش ریزەكانی هەولێریان جێهێشتووە دیارترینیان محەمەد قاسم، ئاكام هاشم، عەلی شاخەوان، یاسر سەلام و ئەحمەد مەكەنزی.