نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە یانەی دهۆک دەکات

K24 – هەولێر:
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یانەی وەرزشی دهۆک و هاندەرانی ئەو یانەیە کرد بەبۆنی سەرکەوتنیان بۆ جامی یانەکانی کەنداو.
ڕۆژی 23ـی تەمموزی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: بە گەرمی و پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە یانەی خۆشەویستی دهۆک و هەموو هاندەرانی دەکەم بۆ سەرکەوتنی ئێوارەی ئەمڕۆ بەرانبەر یانەی نەجەف لە بەغدا بەدەستیان هێنا و خۆی گەیاندە پاڵەوانێتی جامی یانەکانی کەنداو.
نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاندووە: ئەم سەرکەوتنە جێگەی دڵخۆشی هەموومانە و هیوادارم بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات و سەرکەوتنی گەورەتر بەدەست بهێنێت، هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە هەموو یاریزانان، سەرۆکی یانە و دەستەی کارگێری یانەی دهۆک کردووە بۆ ئەو سەرکەوتنە.
ئێوارەی ئەمڕۆ 23ـی تەمموزی 2024، لە یاریگای شەعب لە بەغدا، یانەی دهۆک بە گۆڵێکی بێبەرانبەر لە یانەی نەجەفی بردەوە لە یاریی کۆتایی پلەی ئۆف و سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر کرد بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی جامی یانەکانی کەنداو.